وەزارەتى بازرگانیی عێراق بۆ بەدواداچوونى موڵکەکانى، لیژنەیەک دەنێرێتە هەرێمى کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى بازرگانیی عێراق لیژنەیەک دەنێرێتە هەرێمى کوردستان بۆ بەدواداچوون بۆ موڵکەکانیان لە هەرێمى کوردستان؛ بەر لە هەنگاوى کردنەوەى بازاڕى ناوەندیى هاوشێوەى پارێزگەکانى عێراق.
 
لیژنەکە بە سەرۆکایەتى زەهرە گەیلانی، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى گشتیى بازاڕە ناوەندییەکانى سەر بە وەزارەتى بازرگانی دەبێت.  
 
زەهرە گەیلانی بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "لیژنەکە بەمنزیکانە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات، بۆ بەدواچوونى ئەو موڵکانە و شوێنى بازاڕە ناوەندییەکان، ئەو شوێنانەى هەمانە لەلایەن فەرمانگەکانى هەرێمى کوردستانەوە بەکاردەهێندرێن، بۆیە کردنەوەى بازاڕى ناوەندی، ماوەیەکى زۆرى پێدەچێت و پێویستى بە چۆڵکردنى ئەو موڵکانەیە." 
 
یەکێک لە پڕۆژەکانى وەزارەتى بازرگانى، دامەزراندنى بازاڕى ناوەندییە کە کاڵا و پێداویستى بە نرخى پاڵپشتیکراو دەفرۆشێت بە هاووڵاتییان.
 
بەر لە راپەڕینى ساڵى 1991 حکومەتی عێراق چەند باڵەخانەیەکى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەبوو کە تایبەت بوون بە بازاڕى ناوەندی.
     
بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى بازاڕە ناوەندییەکان گوتى "لە چارەگى کۆتایی ئەم ساڵ، بازاڕى ناوەندی لە کەرکووک، نەینەوا، بەسرە، بابل و واست دەکرێتەوە، کردنەوەى لە هەرێمى کوردستانیش لە چوارچێوەى ئەو پڕۆژەیەدایە، بەڵام ئەوە کەوتووەتە سەر ئەنجامى کارى لیژنەکەمان." 
 
ئەو بازاڕانە رێژەى 1% لە فرۆشى ئەو شوێنان وەردەگرێت کە دەدرێنە کەرتى تایبەت. زەهرە گەیلانی گوتى "لە قۆناخى یەکەمدا خۆراک دەفرۆشرێت و دواتر ئامێرى کارەبایی و پێداویستیى دیکە زیاد دەکرێت."