سیروان بارزانی لەبارەی جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستان و عێراق: لە سۆشیاڵ میدیا گەورە کراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
چەند رۆژێکە هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و دیمەنەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیان زۆری هەبوو. سەرپەرشتیاری میحوەری پێنجی پێشمەرگە دەڵێت "لەکاتی گۆڕینی سەربازەکان لە شوێنی ئەرکدا، ئەو جموجۆڵە ئاساییە". ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "جموجۆڵەکە پەیوەندیی بە سووریاوە هەیە و ئەمریکییەکان دەیانەوێ مەیدانی شەڕ جیابکەنەوە."
 
"وەزیری بەرگریی عێراق گوتی، جموجۆڵەکە پەیوەندیی بە سووریاوە هەیە"
 
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو جموجۆڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "لەو بارەوە لەگەڵ سابت محەممەد سەعید عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق قسەم کردووە و پرسیاری ئەو جموجۆڵەم لێکرد، لە وەڵامدا گوتی 'جموجۆڵەکە پەیوەندیی بە سووریاوە هەیە نەک عێراق.' (ئەمریکییەکان) هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا جێگۆڕکێ پێدەکەن."
 
مەریوان قەرەنی گوتی "بە گوتەی وەزیری بەرگریی عێراق، جموجۆڵی هێزەکانی ئەمریکا، بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی سووریایە."
 
"ئەمریکییەکان دەیانەوێت مەیدانی شەڕ لە ناوچەی ئارام جیابکەنەوە"
 
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەمریکییەکان خۆیان گوتوویانە 'هیچ جموجۆڵێکی نائاساییان لە عێراقدا نییە'، بەڵکو دەیانەوێ مەیدانەکانی شەڕ لە ناوچە ئارامەکان جیابکەنەوە، بەتایبەتی لە سووریا."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، لە عێراق نزیکەی 600 چەکداری داعش ماون و "ئەمریکییەکان پلانیان داناوە بۆ جیاکردنەوەی ئەو ناوچانەی هێشتا هەژموونی داعشیان تێدا ماوە، بۆ ئەوەی نەتوانن دەستیان بگاتە ناوچە ئارامەکان."
 
سەرپەرشتیاری میحوەری پێنجی پێشمەرگە: بڵاوبوونەوەی هێزەکە بۆ پاسەوانیکردنە لە کاروانەکە
 
هەر لەبارەی جموجۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە باشووری کوردستان، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری پێنجی پێشمەرگە کە ئەرکیان لە سنووری نەینەوا، مەخموور و گوێڕە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمریکییەکان ساڵانە سەربازە ئەرکدارەکانیان دەگۆڕن، لەکاتی گۆڕینی وەجبەکانیشدا، هێز لەسەر رێگەی کاروانەکانیان بڵاودەکەنەوە بۆ پاسەوانیکردنیان."
 
سیروان بارزانی گوتی "بۆ پاسەوانیکردنی رێگەی کاروانە سەربازییەکە، ئەمریکییەکان هێزی یەدەگیان هێناوە، بۆیە ئەوەی لە سۆشیاڵمیدیاوە لەبارەی ئەو جموجۆڵەوە دەگوترێت، زیاد لە پێویست گەورەکراوە و جموجۆڵەکانیش زیاتر لە ناوچە عێراقییەکانن."
 
 
ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەن، سەربازەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و، هاوپەیمانیی ناتۆ راوێژ پێشکێشی هێزە عێراقییەکان دەکەن.
 
لە کانوونی یەکەمی 2021 ئەمریکا ئەرکی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕی، رۆڵیان لە هێزی رووبەڕووبوونەوە گۆڕدرا بۆ راوێژکاری، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی هەرزوو رایانگەیاند واشنتن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێناهێڵێت.
 
لە ساڵی 2003ـدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر عێراق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن هێنا. لە کۆتایی 2011دا تەواوی سەربازانی ئەمریکا خاکی عێراقیان جێهێشت، بەڵام لە ساڵی 2014 و دوای ئەوەی داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیرکرد، جارێکی دیکە سوپای ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق گەڕایەوە وڵاتەکە.
 
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەندینجار لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کە هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقن، کراونەتە ئامانج. بەشێک لەو گرووپانەش بەرپرسیاریێتیی هێرشەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.