لە کەرکووک تەقە لە ماڵی بەرپرسێکی یەکێتی کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەرکووک دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانی لە کەرکووک کرا. ئەو بەرپرسە دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
تەقەکردنەکە کاژێر 02:18ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە بووە. محەممەد عوسمان، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "دوای رووداوەکە چووینە ئەو شوێنەی تەقەی لێوە کرابوو. ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ لە شۆستەکەی داوە و تێکچووە و جێهێڵدراوە، کە پێدەچێت تەقەکەرەکان بەکاریان هێنابێت."
بارەگاکە لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووکە؛ محەممەد عوسمان دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانیی نەبووە. گوتیشی، "بەگوێرەی ئەزموونمان، گوللـەکان گوللـەی کڵاشینکۆڤ نین و گەورەترن."
هەر ئەمڕۆ و نزیک کاژێر 03:00ی بەرەبەیان، تەقە لە بارەگای لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کرا. ئارام جەباری، کارگێری لقەکە بە رووداوی گوت، "لە پشتی بارەگای لقەوە دەستڕێژ لە بارەگاکە کرا و پاسەوانەکانیش دەستبەجێ وەڵامیان دایەوە. تەقەکردنەکە هیچ زیانێکی نەبووە."
بە گوتەی ئارام جەباری، تەقەکەرەکان پیادەبوون و دواوی رووداوەکە هەڵاتوون.
تاوەکو ئێستا پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو رووداوانەوە بڵاونەکردووەتەوە.