کارگێڕی پەیمانگەیەک: دابەزاندنی نرخی خوێندن دەبێتە هۆی دابەزینی کوالێتیی خوێندن

 
رووداو - هەولێر

لە پێشانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر، باس و خواس کرێی ساڵانەی خوێندن بوو لە زانکۆ و پەیمانگەکان. پەیمانگەیەکی کەرتی تایبەت کە لە پێنج ناوچەی هەرێمی کوردستان لقیان هەیە، نزیکەی دوو هەزار کەس لەلایان خوێندکارن، بەپێی شوێنی جوگرافی، بەش و پسپۆڕییەکان کرێی ساڵانە دیاری دەکەن.
 
خۆشی ستار، کارگێڕی پەیمانگە دەڵێت، "دەکرێت 200 بۆ 300 خوێندکار لە یەک قۆناخدا وەربگیردرێن و لەو کاتەدا نرخ دابەزێندرێت، بەڵام کە نرخ دابەزی کوالێتی خوێندنیش دادەبەزێت."
 
شەنگە دلێر، مامۆستای پەیمانگە ئاماژەی بەوە کرد، "نزمترین نرخ لە یەک ملیۆن دینار دەستپێدەکات، واتە بە نزیکی 1000 دۆلار تاوەکو 10 هەزار دۆلار."
 
خوێندنی بە پارە لە هەردوو زانکۆی کەرتی گشتی و تایبەت هەیە. لەژێر چاودێریی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕە پارەی ساڵانە دیاریکراوە. زانکۆ هەیە بۆ بەشی خوێندنی پزیشکی، ئایتی و ئەندازیاری کەسانی کەم دەرامەت هەرچەندە کۆنمرەشیان بەرز بێت ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن.
 
ئاڵا پایەدار، ئۆفیسەی بەشی قبووڵکردن و تۆمارکردن لە زانکۆی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر کەسێک بیەوێت پزیشکی گشتی لە زانکۆی کوردستان بخوێنێت، ئەوا ساڵانە بڕی 150 وەرەقە دەدات و خوێندنەکەی شەش ساڵە و دەبێت بڕی 9 دەفتەر دۆلار بدات."
 
ژمارەیەک خوێندکاری رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، یو ئێن ئێچ سی ئاڕ و حکومەتی ئەڵمانیا دەرفەتی ئەوەی پێداون نەک خوێندنی بێ بەرامبەر، بەڵکو مانگانە بڕە پارەیەکیش لە بەرامبەر فێربوونی زانست و زانیاری پێیان دەدرێت.
 
زارا قۆجۆ، خوێندکار گوتی، "کاتێک دەچیتە زانکۆ و پارەی پارالێل یان خوێندنی نییە، ئەوا حکومەتی ئەڵمانیا یاخود یو ئێن ئێچ سی ئاڕ پارەی تێچووی خوێندن و مووچەیەکی مانگانەی بۆ تێچووی خوێندنەکەی پێدەدات."
 
نرخی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پلەبەندی و بەش و پسپۆڕییەکان دیاریکراوە، بەڵام کاتێک زانکۆیەک بەشێکی هەیە و لە زانکۆکانی دیکە نییە، نرخەکەی بەرزە و تا رادەیەکی زۆر خۆی بڕە پارەی ساڵانەی دیاریکردووە.