کارەبای سلێمانی: زیاتر لە 20 هەزار هاوبەشی کارەبا کراون بە سیستمی پریپەید

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەینێت، نرخی کارەبای ماڵان گران نەکراوە و هەر وەکو خۆیەتی و تەنیا لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکاندا گرانکراوە. دەشڵێت، بڕیاری لێخۆشبوونی 15٪ی قەرزی کارەبای هاونیشتمانیان بۆ ماوەی سێ مانگە و تەنیا هاوبەشی ماڵان دەگرێتەوە.
 
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی 15٪ی قەرزی کارەبای هاونیشتمانیان لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بووە و بڕیارەکە بۆ ماوەی سێ مانگ دەبێت بەشێوەیەک لە 23ی تەممووز بۆ 24ی تشرینی یەکەمی 2023 دەبێت، تەنیا پۆلی ماڵان دەگرێتەوە.
 
گوتیشی، بەگوێرەی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نوسراوە پارێزگای سلێمانی، بۆیە هێشتا لایان روون نییە لێخۆشبوونی 15٪ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە یان نا، چونکە ئەوانیش بەڕێوەبەرایەتی گشتییان هەیە و سەربەخۆن و دەبێت خۆیان بەدواداچوونی بۆ بکەن.
 
لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و بڕی ئەو قەرزەی لای هاوبەشانی کارەبایە لەپارێزگای سلێمانی، سیروان محەممەد دەڵێت، "لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 560 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، لەو ژمارەیە نزیکەی 80٪ـیان پێوەری زیرەکی کارەبایان بەستووە، بە نزیکەییش زیاتر لە 300 ملیار دینار قەزیان لای هاونیشتمانیانە."
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەرێگەی جێبەجێکردنی سیستمی پریپەید(پارەدانی پێشوەختە)، گرفتی قەرزی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و هەروەک کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیش بە هاونیشتمانیان زیاتر بکات، بەشێوەیەک لە سیستمی پریپەید کارەبای نیشتمانییان بۆ دەکرێت بە 24 کاژێر.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، ئێستا لە 4 شاری نیشتەجێبوون کارەباکەیان کراوەتە پریپەید و لە دوو شاری دیکەش ئامێری(CIU)، بەسەر دانیشتوانی ئەو دوو پرۆژەیەدا دابەشکراوە کە دانیشتوان ئەو شەش پرۆژەیە نزیکەی 7 هەزار هاوبەش دەبن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕی سلێمانییان دابەشی دوو زۆن کردووە بۆ ئەوەی سیستمەکەی تێدا جێبەجێ بکەن و ئێستا بەشێکی زۆری دووکانەکان سیستمی پریپەیدیان بۆ کاراکراوە و نزیکەی 14 هەزار هاوبەش لەنێو بازاڕدا کارەباکەیان کراوەتە سیستمی پریپەید.
 
سیروان محەممەد باسی لەوە کرد، نرخی کارەبا بۆ هاوبەشانی ماڵان لە گەڕەکەکاندا هەروەکو خۆیەتی و 18 دینارە بۆ هەر کیلۆواتێک بەگوێرەی بەکارهێنان، بەڵام پرۆژەکانی نیشتەجێبوون(سیتییەکان) کراونەتە 156 دینار.