بازاڕی جلوبەرگی جەژن؛ کام دووکاندار هاواری هەرزانی بکات بازاڕی لە هەمووی گەرمترە


رووداو دیجیتاڵ 

گەنجان لە بازاڕەکانی هەولێر بە کەمتر لە 50 هەزار دینار جلوبەرگی مۆدە بۆ جەژن دەکڕن، بە چەند خولەکێکیش بە ئەندازەی خۆیان بۆیان ئامادە دەکرێت، بەڵام جلی کوردی کات و پارەی زیاتری دەوێت، ئەمساڵیش خواست لەسەری کەمترە.
 
وەلید خالید، کڕیارێکە لە بازاڕی نیشتمانی هەولێر و بۆ کڕینی جلوبەرگی جەژنانە چووەتە بازاڕەکە، بە سێ خولەک کڕین و مامەڵەی تەواوبوو. دەڵێت، "گەرما و باری دارایی کاریگەریی لەسەرمان هەیە، بۆیە بڕیارمداوە جلوبەرگێکی هەرزان و گونجاو بکڕم."
 
دووکاندارانیش لەو بازاڕەی هەولێر دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کە سەرووی 42 پلەی سیلیزییە لە هەولێر، خەڵک زیاتر جلوبەرگێکی تەنک دەکڕن. 
 
بۆ ئەم جەژنە خواست لەسەر جلوبەرگی نوێ هەیە، بەڵام ناگاتە نیوەی ئاستی خستنەڕووش، هاواری کام فرۆشیار بۆ هەرزانی بێت، بازاڕی ئەو لە هەموویان گەرمترە. دووکانداران دەڵێن، پارەی زۆریان بە جلوبەرگ داوە و پێشبینییان وا نەبووە کە بەوشێوەیە بازاڕ سست بێت.
 
ئەو دەست و بازووانەی جلی کوردیش ئامادە دەکەن، بێ بازاڕ نین، بەڵام کات، نرخ و گەرما کاریگەرییان لەسەر بازاڕیان هەبووە. تەیب یاسین، بەرگدوورە لە هەولێر، دەڵێت: بە بەراورد بە جەژنی نەورۆز و رەمەزان، بازاڕمان زۆر کزە، هۆکاری دواکەوتنی مووچە و گەرما کاریگەریی زۆریان هەبووە.
 
بەگشتی، فرۆشیاران بۆ ئەم جەژنە لە بازاڕەکانیان رازی نین. رووی کڕیارانیش زیاتر لە دەستەجلێکی جەژنە بە بڕە پارەیەکی کەم.