بۆردوومانەکانی تورکیا ژیانی لە خەڵكی ئامێدی زەحمەتکردووە


رووداو - دهۆک 

تورکیا هەبوونی گەریلای پەکەکە لە بەرزاییەکانی هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان کردووەتە بیانوو بۆ بۆردوومانکردنی ئەو شوێنانە. 

دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری ئامێدی داوا لە پەکەکە دەکەن، چیدیکە بیانوو نەداتە دەستی حکومەتی تورکیا و دەڵێن، بۆردوومانەکان کاریگەری گەورەیان لە سەر ژیانیان هەیە.
 
ئیبراهیم حەکیم، گوندنشین دەڵێت: "رۆژانە بۆردوومانی ئەم ناوچەیە هەیە، لە زێبارەوە تاوەکو دەگاتە ئەم ناوچانە و ئەوەش وایکردووە خەڵکی لە هەموو شت بێبەش بێت، لەوانەش بەخێوکردنی مەڕوماڵاتیان و کۆکردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان. هەنگەوان و جووتیارەکانیش بەرهەمەکانی خۆیان لەدەستدا. ئەگەر بارودۆخ بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا ناتوانین لێرە بژین و بەردەوام بین، چونکە خەڵکی ئەم گوندانە پشت بە بەروبوومی کشتوکاڵ دەبەستن". 

ماوەی چەند هەفتەیەکە سوپای تورکیا بۆردوومانی هەندێک لە ناوچە کوێستانەکانی هەرێمی کوردستانی زیادکردووە. 

ئەوە لە کاتێکدایە، چەند هەفتەی رابردوو بۆ گوندنشینان کاتێکی گرنگی ساڵ بووە و هەربۆیە خەڵکی بەرە بەرە بیر لە بەجێهێشتنی شوێنەکانی خۆیان دەکەنەوە. 

دەوروبەری ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک ناوچەیەکی رەنگینی هەرێمی کوردستانە و هەربۆیەش ساڵانە لە کاتی ئاساییدا خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات. 

بەڵام بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا وایکردووە، ئێستا کەمتر گەشتیاران سەردانی ئەو ناوچەیە بکەن و ئەوەش کاریگەری لە سەر ژیانی خەڵکی هەبووە. 

دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، ئەگەر بۆردوومانەکان بوەستن ئەو کاتە گەشتیارانیش وەک چەند ساڵی رابردوو سەردانی ناوچەکە دەکەنەوە. 

بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا تەنیا لە سنووری ئامێدی نین، بەڵکو هەفتانەش چەندین رۆژ سوپای تورکیا بەرزاییەکانی ناوچەی سیدەکان بۆردوومان دەکات.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن