سەرۆک بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکەن

 

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک بارزانی قسەی کرد و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، رۆژی هەینی 27-5-2022 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک بارزانی قسەی کردووە. بارەگای بارزانیش لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەڵێت، سەرۆک بارزانی و سەرۆک ماکرۆن چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە، لەوانەش پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا. 
 
هەردوو راگەیێندراوی کۆشکی ئیلیزێ و بارەگای بارزانی ئاماژە بەوە دەکەن، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی فەرەنسا لە ئیمانوێل ماکرۆن کردووە و هەردووکیشیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ئەمنی و پرسی دەستوەردانی دەرەکیشیان لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا تاوتوێ کردووە. 
 
سەرۆکی فەرەنسا سەرەخۆشی خۆی دەربڕیووە لە گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی لە سنووری بامەڕنێ لە پارێزگای دهۆک. 
 
رۆژی پێنجشەممە چەند گوللـەهاوەنێک لە ناوچەی بامەڕنێ کەوتنەخوارەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو منداڵ و برینداربوونی دوو کەسی دیکە. 
 
کۆشکی ئیلیزێ باس لەوە دەکات، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا تیشکی خستوەتەسەر سەردانەکەی هاوینی رابردووی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی: 
 
سەرۆک بارزانی و سەرۆک ماكرۆن لەڕێی تەلەفۆنەوە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن.
 
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 27ـی ئایاری 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک ئیمانویل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لە ڕێی تەلەفۆنەوە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشهاتە ئەمنییەكان و دەستوەردانی دەرەكیان لە كاروباری عێراق تاوتوێ كرد.
 
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆك بارزانی بە بۆنەی هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆكی فەرەنسا پیرۆزبایی لە سەرۆك ماکرۆن كرد و هەروەها سەرۆكی فەرەنساش سەرەخۆشیی خۆی بە سەرۆک بارزانی گەیاند بۆ گیانلەدەستانی ئەوانەی لە تەقەكردنەكانی دوێنێ لە بامەڕنێ لە سنووری دهۆک بوونە قوربانی.
 
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا تەوەرێكی تری ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بوو.

 

دەقی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا:  
 
ئەم هەینییە 27ـی ئایاری 2022، سەرۆککۆمار لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی عێراق قسەی کرد. 
 
مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆککۆمار کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی. ئەوان پێکەوە دۆخی سیاسیی عێراق و کوردستانی عێراقیان تاوتوێکرد؛ ئەوان باسیان لە دۆخی ئەمنی و دەستوەردانی دەرەکیش لە عێراق کرد. 
 
سەرۆککۆمار سەرەخۆشی خۆی دەربڕی بۆ قوربانیانی تەقەکردنەکەی دوێنێ ئێوارەی بامەڕنێ کە بووە هۆی کوژرانی دوو منداڵ. 
 
سەرۆککۆمار باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی عێراقیش کرد کە لە مانگی ئابی رابردوودا و وەک بەشێک لە سەردانەکەی بۆ عێراق چووە ئەوێ.