ئاوی سلێمانی: نێوەڕۆ ئاو دەگاتەوە ماڵان

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای راگرتنی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی بەهۆی لێڵبوونی سەرچاوەکەیەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو لە شارەکە دەڵێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە ماڵان.
 
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دۆخی سەرچاوەی ئاوی سلێمانی کە پڕۆژەی دووکانە ئاسایی بووەتەوە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاو دەگەیێننەوە ماڵان.
 
ئێوارەی دوێنێ هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ و بەو هۆیەوە 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەوە.
 
دوای هێرشەکە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەنداوی دووکان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی کارەبا یەکەی زیاتری کارپێکردووە و ئاوێکی زۆر بەردراوەتەوە و ئەوەش بووە بەهۆی ئەوەی پیسیەکی زۆر بکەوێتە سەر پڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاو؛ بۆیە دابەشکردنی راگیراوە.
 
ئامانج جەلال گوتی، یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکانی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی سلێمانی لە دووکان ئەوە بووە، کە "دوێنێ گەشتیاری زۆر لە دووکان لە گەشتدا بوون و دەبە و پاشەڕۆی زۆریان خستوەتە نێو دەریاچەکەوە."