پژاک حەوتەمین کۆنگرەی بەست و هاوسەرۆکانی هەڵبژارد
رووداو دیجیتاڵ
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کۆنگرەی حەوتەمی بەست و دەڵێت، جەخت لە چارەسەکردنی دۆزی کورد لە ئێران بەشێوەی دیموکراسی دەکاتەوە.
پژاک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کۆنگرە لە هەلومەرجی نالەباری ئەمنی و لە ژێر گوشار و هێرشی بەردەوام، سەخت و دوژمنکارانەدا بەڕێوەچوو."
ئەنجامی کۆنگرەکە رۆژی شەممە 27ـی نیسان بڵاوکراوەتەوە و لەبارەی سیاسەتی ئاییندەی حیزبەکەوە، پژاک دەڵێت، "کۆنگرە بە لێکدانەوەیەکی قووڵ و بەرفراوان لە هەلومەرجی سیاسیی جیهانی و ناوچەیی لەسەر رەچاوکردنی سیاسەتی هێڵی سێیەم و چارەسەری دیموکراسی پرسی کورد پێداگر بوو. هەروەها کۆنگرە پاراستن و پارێزگاری لە هەبوون و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران وەک سەرتۆپی سیاسەتەکانی خۆی دانا."
پژاک کە زیاتر لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەوە نزیکە، دەڵێت، "سوورین لەسەر چارەسەری دیموکراسییانەی پرسەکانی ئێران. لە ئەگەری هەڕەشە لەسەر هەبوونی گەلمان، جەخت لە کەڵک وەرگرتن لە مافی پاراستنی رەوا دەکەینەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پژاک، لە کۆنگرەدا بەهۆی کۆتاییهاتنی "کاتی هاوسەرۆکانی حیزب"، دوو هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێردران.
هەریەکە لە پەیمان ڤیان و ئەمیر کەریمی وەک هەوسەرۆکانی نوێی پژاک لە جێگەی زیلان ڤەژین و سیامەند موعینی هەڵبژێردراون.
پژاک یەکێکە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و لە چیاکانی سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستاندان و پارتێکی چەکدارن.
کۆنگرەی پێشووی حیزبەکە ساڵی 2020 بەسترابوو.