ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێرەوە؛ چەند گەڕەکێک دوو رۆژ بێ ئاو دەبن


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی کارکردن لە بەستنەوەی بۆریی نوێی کاربۆن ستیل لە پڕۆژەی پاراستنی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ، ئەو هاوبەشانەی کە لە وێستگەی ئاوی ئیفراز سێ ئاویان بۆ دەچێت، بۆ ماوەی دوو رۆژ بێ ئاو دەبن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا هاوبەشانی ئاوی شارەکە ئاگادار دەکاتەوە بە تایبەت ئەوانەی هاوبەشی هێڵی بۆریی ئاوی ئیفراز سێن و دەڵێت، بەهۆی کارکردن بۆ بەستنەوەی بۆریی نوێی کاربۆن ستیل تیرە 1500 ملم لەگەڵ بۆریی کۆن GRP تیرە 1500 ملم، ئەو هاوبەشانەی لە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ ئاویان بۆ دابین دەکرێت، بۆ ماوەی دوو رۆژ بێ ئاو دەبن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاوی هەولێر، لە رۆژی یەکشەممە، 30-04-2023ـەوە کار لە گواستنەوەی بۆریی ئاوەکە دەکەن و تاوەکو دووشەممە، 01-05-2023، هاوبەشانی وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر بێ ئاو دەبن.
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ ماوەی 15 ساڵە دروستکراوە و تاوەکو ئێستا چەندین جار شکاوە و چاککراوەتەوە. رۆژی هەینی 22ـی تەممووز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر گۆڕینی بۆرییەکە کە بودجەی پێویست بۆی زیاتر لە 20 ملیار دینارە. 
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە ماددەی فایبەر گڵاس دروستکراوە. بۆرییەکە رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات؛ گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبوونەوە.
 
لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز هەیە؛ ئیفراز یەک ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.