سبەی دوایین رۆژی تۆمارکردنی حیزبەکانە؛ حیزبە کاریگەرەکان لیستی بەربژێرەکانیان رادەست نەکردووە

 
رووداو – هەولێر

سبەی دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی لیستی ناوی بەربژێرانی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ بەشی زۆری پارتەکان لیستی بەربژێرەکانیان رادەستی لقەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان نەکردووە.
 
13ی ئادار، دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. رۆژی هەینی 22ی مانگیش دوایین رۆژ بوو، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتەکەی تاوەکو 28ی ئادار بۆ گەڕاندنەوەی ناوی بەربژێری لیستی حیزبەکان درێژکردەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو, کە ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئادار لە لقەکانی کۆمیسیۆن لە هەولێر و سلێمانی دەستی کەوتوون، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی لەو دوو لقە بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ناوی بەربژێرەکانیان تۆمار نەکردووە.
 
بۆ پێدانی لیستی ناوی بەربژێرەکان بە کۆمیسیۆن، دەبێت هەر حیزبێک لە بازنەکەی خۆی بچێتە لقی کۆمیسیۆن و کۆد وەربگرێت بۆئەوەی بتوانێت بە ئۆنلاین فۆرمەکە پڕبکاتەوە؛ هەر فۆڕمێکیش پڕکرایەوە، راستەوخۆ دەچێتە بەغدا، بەڵام حیزب یان بەربژێرەکە کۆپییەکی بە چاپ رادەستی لقەکەی کۆمیسیۆن دەکات، دوای لێکۆڵینەوە لە مەرجەکان و دڵنیابوون لەوەی مەرجەکانی تێدایە، لقەکەی کۆمیسیۆن بەڵگەنامەکانی بە فەرمی لێوەردەگرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ لە سلێمانی لیستی بەربژێرەکانیان بە چاپی دەستی نەگەڕاندووەتەوە کۆمیسیۆن.
 
بەرپرسێک لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێدەچێت حیزبەکان ناوی حیزب و بەربژێرەکانی خۆیان بە فەرمی بە ئۆنلاین تۆمار کردبێت، کە دەچێتە بەغدا، بەڵام وێنەی چاپکراوی لیست تاوەکو ئەمڕۆ بۆ لقی ئێمە نەگەڕاوەتەوە."
 
ئەگەر هەر حیزبێک لیستەکەی بە ئۆنلاین تۆمار کردبێت، دەبێت وێنەی چاپکراویشی بە دەستی بداتە لقەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان و دوایین کات بۆ ئەوەش سبەی پێنجشەممەیە.
 
لە هەولێریش حیزبە دیارەکان ناوی بەربژێرەکانیان نەگەڕاندووەتەوە. بەرپرسێکی باڵای لقی هەولێری کۆمیسیۆن ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو زانیارییەی بە ئێمە دراوە، ئەمڕۆ و سبەی بەشێکی حیزبەکان سەردانمان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن."
 
بەرپرسانی کۆمیسیۆن کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەرێکی "زۆر بەهێز" ئەوەیە کاتی تۆمارکردن سبەی کۆتایی بێت و درێژ نەکرێتەوە.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ دوو هاوپەیمانی پێکهێندراون؛ یەکێکیان (هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان)ە و پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتیی دەکات.
 
هاوپەیمانییەکەی دیکە ناوی (سەردەم)ـە و پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگاران و عەبدوڵڵای حاجی مەحموودیش سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیە.
 
پێشهاتەکان لەکاتێکدان، 18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
راگەیێندراوەکەی پارتی هەر کاریگەری لەسەر حیزبەکان نەبووە، بەڵکو بەربژێرە سەربەخۆکانیشی سارد کردووەتەوە. رووداو زانیویەتی، چەند بەربژێرێک لە هەولێر چوونەتەوە کۆمیسیۆن و پرسیویانە، ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، پارەکەیان دەدەنەوە یان نا.
 
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان کە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
 
3ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.