جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: ئەو 500 کەسەی دادەمەزرێن بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکاندا دابەشیان دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد و بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی لە سنوورەکە دا، جێگری پارێزگار دەڵێت، دەنگۆ هەیە لەم رۆژانەدا لینکی دامەزراندن بەردەست بێت.
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە 27-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەگوترێت لینک کارا دەکرێت بۆ دامەزراندنەکە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی هیچ شتێک بە ئێمە نەگوتراوە."
 
22ی شوباتی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە و لە خاڵێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، دامەزراندنەکە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانە و ئەوانیش بەگوێرەی پێویست ئەو کەسانەی دادەمەزرێن دابەشی سەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکەیان دەکەن.
 
شاهین رەزا دەڵێت، ئەو ژمارەیە هەموو میلاکاتی هەڵەبجە پڕناکاتەوە. بۆ نموونە؛ بەڕێوەبەرایەتییەک ئەگەر 30 فەرمانبەری پێویست بێت، ئەوان بەگوێرەی پێویستییەکان چوار بۆ پێنج فەرمانبەری بۆ دابین دەکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەی 22ـی شوباتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی داوای کردووە "پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی بەقەزابوونی خورماڵ."
 
قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە یەکێکی دیکەبوو لەو بڕیارانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پارێزگایەوە دای.
 
بەگوێرەی حکومەت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایکرد، "لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و پاشان دەستنیشانکردنی رێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە، بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە."