لە سێ هەفتەدا بەنداوی دووکان دوو مەتر و بەنداوی دەربەندیخان شەش مەتر ئاویان زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 8ی ئادارەوە بەنداوی دووکان زیاتر لە دوو مەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش زیاتر لە شەش مەتر ئاستی ئاویان زیادیکردووە.
 
بەنداوی دەربەندیخان زیاتر لە ساڵی رابردوو ئاوی تێدایە، بەڵام بەنداوی دووکان نەگەیشتووەتەوە ئاستی ساڵی رابردوو؛ بەنداوی دهۆکیش هەمان ئاستی ئاوی ساڵی رابردووی تێدایە.
 
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئادار، 37%ی بەنداوەکە ئاوی تێدایە و نەگەیشتووەتەوە بڕی هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو. بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت، لە 8ی ئادارەوە زیاتر لە دوو مەتر ئاستی بەنداوەکە زیادیکردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆچەر جەمال تۆفیق، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بارانی باش وەکو ئەوەی لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق باری لێرە نەباریوە. ئاستی ئاوی بەنداوەکەمان نەگەیشتووەتەوە هەمان ئاستی ساڵی رابردوو و مەترێک و 30 سانتیمەتر کەمترە لە هەمان رێککەوتی پار، بەڵام ئومێد هەیە چەند رۆژی داهاتوو باشتر بێت."
 
بەنداوی دەربەندیخان ئاستی ئاوی ساڵی رابردووی تێپەڕاند
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە. ئەمڕۆ دووشەممە 40%ی بەنداوەکە ئاوی تێدایە و بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، بەنداوەکە ئاستی هەمان رێککەوتی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە.
 
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دووشەممە بەنداوەکە ملیارێک و 306 مەتر سێجا ئاوی تێدایە و 41 سانتیمەتر ئاستی ئاوەکە زیاترە لە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو.
 
لەبارەی بارانی مانگی ئادارەوە، سامان محەممەد گوتی، لە 8ی ئادارەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئاستی ئاوی دەربەندیخان شەش مەتر و 20 سانتیمەتر زیادیکردووە.
 
بەنداوی دهۆک هەمان بڕی ساڵی رابردوو ئاوی تێدایە
 
بەنداوی دهۆک توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئێستا نزیکەی 40%ی بەنداوەکە ئاوی تێدایە. بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بڕی ئاوی گلدراوە گەیشتووەتە ئاستی ساڵی رابردوو.
 
فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەنداوەکە 20 ملیۆن و 370 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە؛ ساڵی رابردووش تاوەکو هەمان رێککەوت هەمان ئاستی ئاوی تێدابوو."
 
لە هەرێمی کوردستان چەند بەنداوێک هەن، گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆکن.
 
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی دروستكراوە ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكراوە؛ بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکراوە.