شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی سێشەممە 28-03-2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە، ئەمە بەگوتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی سەردانەکەوە، سەرچاوەکە ئەوەی بە رووداو راگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی رێوشوێنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە رێگەی تورکیاوە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: شاندەکە پێکهاتووە لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەک لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەندامی شاندەکەن.
 
رۆژی دووشەممە 27-03-2023، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان دایەوە. 
 
ئەمریکا، بەگوتەی ڤێدانت پاتێل، داوای لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن لە رێگەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە. 
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پەکخستنی هەناردەکردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیێنێت."
 
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە. 
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.  
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەک وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، "رێکار و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا." 
 
شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە، کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی 24-03-2023 تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە "رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو"ـی نێوان عێراق و تورکیا.
 
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو دادگەی نێوبژیوانی پاریس بڕیاری دا بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە هەناردە ناکرێت و راگیراوە." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق گوتی، یەکێک لە بابەتەکان پرسی نەوت و هەناردەکردنی دەبێت.