لەگەڵ رەنج: بۆ دروستکردنی رێگە و پرۆژەکان جیاوازی لەنێوان سلێمانی و پارێزگاکاندا دەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای سلێمانی پەکیان کەوتووە و گوتەبێژی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی دەڵێت زیاد لە 850 بەڵێندەر مایەپووچ بوون. هاوکات جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سلێمانی دەسەڵاتی رەهای پێدراوە بۆ جێبەجێکردنی هەموو پرۆژەیەک و لەگەڵ دەستپێکی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری، حکومەت 100 ملیار دینار پارەی کاشی بۆ ناردووە، بەڵام پارەکە دیارنەماوە، لە بەرامبەردا سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تائێستا تەنیا حکومەت 35 ملیار دیناری بۆ ئەم پرۆژەیە خەرجکردووە، لەکاتێکدا بەڵێندەرەکە بە بەهای 122 ملیار دینار کاری تێداکردووە.
 
یەکشەممە، 26-03-2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان و میران کامیل، گوتەبێژی یەکێتیی بەڵێندەرانی سلێمانی، تاوتوێی دۆخی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگای سلێمانییان کرد، هاوکات تیشکیان خستە سەر ئەو پرسە، کە "ئاخۆ حکومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی، جیاوازی لەنێوان ناوچە و پارێزگاکاندا دەکات؟".
 
"100 ملیار دیناری شەقامی 100 مەتری سلێمانی دیارنییە"
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت حکومەت ساڵی 2019، 100 ملیار دیناری بە کاش بۆ پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی رەوانەی سلێمانی کردووە، ئێستا پارەکە دیار نییە.

 

هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت: "لەماوەی ساڵی 2023ـدا کۆی ئەو پرۆژانەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، 49٪ـیان لە سنووری سلێمانی بوون، 22 پرۆژە لە سلێمانی و نۆ پرۆژەش لە هەڵەبجە".

 
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری هەروەها گوتی "کاتێک داوای لامەرکەزی بۆ سلێمانی دەکرا، من لەگەڵی نەبووم، بەڵام ئەو سەربەخۆییە بۆ ناوچەکەی من لە دهۆک و زاخۆیە، زۆر بەسوود بوو و شۆڕشێکی ئاوەدانکردنەوەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، سلێمانیش ئێستا لە هەموو روویەکەوە دەسەڵاتی رەهای پێدراوە بۆ بڕیاردان لە جێبەجێکردنی سەرجەم پرۆژەکان، تەنانەت بەڕێوەبەری بانکی سلێمانی رۆڵی وەزیری دارایی دەبینێت".
 
لەبارەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، هێڤیدار ئەحمەد رایگەیاند "لە ساڵی 2019 نزیکەی 100 ملیار دینار پارەی کاش نێردراوە بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری پێ دروستبکرێت، ئەو پارەیە کەس نازانێ چی لێهات و دیار نەماوە". 
 
"حکومەت 20 تریلیۆن دیناری بۆ سلێمانی ناردووە"
 
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری دەڵێت "بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری لە مانگی حەوتی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا، 20 ملیار دینار پارەی کاش لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی سلێمانی کراوە و، پارەکە بەشێکی بە گەندەڵی بەهەدەرچووە، دوای وردبینی چاودێری دارایی دەرکەوتووە کە بۆ گواستنەوەی کابینەیەک لە شوێنێکی سلێمانییەوە بۆ شوێنێکی دیکە، 12 ملیۆن دینار پارە خەرجکراوە".
 

 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێ "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا داهاتی هەرێمی کوردستان 42 ترلیۆن دینار بووە، لەو پارەیە 12 ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ بووە کە 4.4٪ـی ئەو پارەیە داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی بووە و 28 ترلیۆن داهاتی نەوت بووە، لەکۆی ئەو پارەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان 17 ترلیۆن دیناری ناردووەتەوە سلێمانی".
 
هێڤیدار ئەحمەد گوتیشی "لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 67 ملیۆن دینار پارەی زیاتر لە مووچە کە هی دهۆک و هەولێر بووە بۆ سلێمانی نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی وەزاری یەکێتی قسەی کردووە بۆ ئەوەی رێگە بدەن تیمێکی حکومەت بچێت و داهاتی سلێمانی کۆبکاتەوە، بەڵام رێگە نەدراوە".
 
هاوکات لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی دا "سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە و پێویستی بەوە نییە تیم لە دهۆک و هەولێرەوە بچێت داهاتی بۆ کۆبکاتەوە، داهاتی پارێزگاکەش روونە و هەموو مانگێک داهاتەکان دەخرێنەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی داهاتەکانی سلێمانی وەرناگیرێت و دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، وەکو داهاتی سامانە سرووشتییەکان و بودجەی فەرمانگە فیدراڵییەکان، لەگەڵ داهاتی کۆمپانیا و گەورە باجدەران".
 
"حکومەت 35 ملیار دیناری بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی خەرجکردووە"
 
بەپێچەوانەی گوتەکەی هێڤیدار ئەحمەد کە باسی لەوەکرد حکومەت 100 ملیار دینار پارەی کاشی بۆ پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی خەرجکردووە، لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا حکومەت 35 ملیار دیناری داوەتە بەڵێندەری پرۆژەکە".
 
لوقمان وەردی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 35 ملیار دینار دراوە بە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و تێچووی گشتی ئەم پرۆژەیە 400 ملیار دینارە. تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە بە بەهای 122 ملیار دینار کاری لەو پرۆژەیەدا کردووە کە دەکاتە 46٪ـی کۆی پرۆژەکە، لە بەرامبەر ئەو برە پارەیە، حکومەت بە بەهای 114 ملیار دینار چەکی پێداوە و تەنیا 35 ملیار دیناری وەرگرتووە".
 
داهاتی ناوخۆی سلێمانی
 
لوقمان وەردی داهاتی مانگانەی سلێمانی دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت "داهاتی ناوخۆی سلێمانی لە ماوەی ساڵی رابردوودا، لە مانگێکدا لەنێوان 65 ملیار دینار تاوەکو 95 ملیار دینار بووە و کۆی ئەو داهاتە بۆ مووچە رۆیشتووە و هەموو مانگێک لە نێوان 10 ملیار بۆ 40 ملیار دینار پارەی مووچە کورتی هێناوە، بۆیە هیچ پارەیەک نەبووە تا بۆ پرۆژەیەکی دیاریکراو خەرج بکرێت".
 
سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێمە داوای لامەرکەزی ئیداریمان کردووە نەک لامەرکەزی دارایی، ئەو داوایەشمان بۆ سەرجەم ئیدارە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بووە، ئەوەش بەو مانایە نییە کە پارێزگایەک داهاتی نەبوو، نابێت هیچ پرۆژەیەکی لێ ئەنجامبدرێت".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە "ئەگەر ئەمە پێوەر بێت، خۆ کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بۆچی تائێستا دەست بۆ دووسایدی نێوان هەولێر کۆیە نەبراوە، خۆ پرۆژەی شەقامی 40 مەتری نێو شاری کۆیە حەوت ملیار دیناری دەوێت، بۆ جێبەجێ ناکرێت؟ هەموو ئەوانە پێماندەڵێن گەمارۆیەکی ئابووری خراوەتە سەر سلێمانی و پاساوی ئەوە دەهێنرێتەوە کە سلێمانی کەمتەرخەمە لە کۆکردنەوەی داهات".
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێیوایە "داهاتی کۆی گومرگەکانی سلێمانی لە ساڵی رابردوودا لەنێوان 30 بۆ 47 ملیار دینار بووە و داهاتی ناوخۆ لەنێوان 35 بۆ 55 ملیار دینار بووە لە هەر مانگێکدا، هەموو داهاتی سلێمانی بە گومرگ و ناوخۆوە کۆبکەیتەوە ناکاتە داهاتی مەرزەکانی پارێزگای دهۆک".
 
 
کۆکردنەوەی داهات لە خەزێنەی گشتی
 
لوقمان وەردی پێیوایە تیمێکی پارتی لەنێو حکومەتدا رێگرە لەوەی هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان لە خەزێنەیەکدا کۆبکرێتەوە و دەڵێت: "حکومەت لە سلێمانی حکومەتێکی بنکە فراوانە و لە گۆڕان و کۆمەڵ و سەرجەم لایەنەکانی دیکە پێکهاتووە و هیچ داهاتێک لەو سنوورە ون نابێت، ئەوەی لای ئێمە ونە، داهاتی هەولێر و دهۆکە، کە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کەس نازانێت داهاتەکەی چەندە، بۆیە ئەگەر لێڵییەک لە داهاتدا هەبێت، ئەوا لە داهاتی نەوت و داهاتی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکە".
 
سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگرە لەوەی داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان لە یەک خەزێنە کۆبکرێتەوە و بە یەکسانی بەسەر سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبکرێت.
 
"زەوییە نایابەکانی سەر پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی دەفرۆشرێن"
 
لوقمان وەردی باس لە کۆمەڵێک پرۆژەی پارێزگای سلێمانی دەکات، کە نیازیان هەیە بە پارەی زەوییە نایابەکانی سەر پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی تەواویان بکەن، رایدەگەیەنێت "لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان و رانیە 456 هەزار کەس کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە کە بە 90 ملیۆن دۆلار پرۆژەی ئاوی هەموو ئەو شارانە تەواو دەبێت، بەڵام بە تەنیا بۆ مێرگەسۆر 108 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەی ئاو خەرجکراوە".
 
سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان پێویستی بە 19 ملیۆن دۆلار هەیە و 56٪ـی تەواوبووە، ئێستا بڕیاردراوە لە فرۆشتنی زەوییە نایابەکانی سەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی کە لیژنەی بۆ دروستکراوە، پارەیان بۆ تەرخانبکرێت و چەند پرۆژەیەکی دیکەشی پێ تەواو بکرێن".
 
لوقمان وەردی دووپاتیدەکاتەوە "ئێستا لیژنەیەک لە شارەوانی سلێمانی پێکهێنراوە بۆ فرۆشتنی زەوییە نایابەکانی سەر پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی بۆ ئەوەی پرۆژەی شەقامەکە و چەند پرۆژەیەکی دیکەی وەکو ئاوی دەربەندیخانی پێ تەواوبکرێت".
 
"850 بەڵێندەر لە سلێمانی مایەپووچ بوون"
 
میران کامیل، گوتەبێژی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی دەڵێت: "لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی وەستاون، بۆ پرۆژەکانی رێگەوبانیش رۆژێک پارە خەرجدەکرێت و حەوت رۆژ پارەیان رادەگیرێت، ئەوەش وایکردووە پرۆژەکان لەسەریەک کەڵەکەبن و خەڵک باجەکەی بدات".
 
میران کامیل گوتی: "بەڵێندەرانی سلێمانی سەروو تریلیۆنێک دیناریان لای حکومەتە و لەسەر ئاستی هەموو کوردستانیش حکومەت زیاتر لە سێ تریلیۆن دیناری بەڵێندەران قەرزدارە، پار ئەو قەرزانە لەلایەن حکومەتەوە کرا بە قیست، بەڵام تەنیا مانگێک قیستەکە درا و دوایی راگیرا".
 
گوتەبێژی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری گرفتی بەڵیندەران ئاماژەی دا "دەستەی باڵای یەکێتیی بەڵێندەران بە لقەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان سەردانی پەرلەمانمان کرد و داوامان لێکردن فریامان بکەون، پەرلەمان کۆنووسی کۆکردەوە و درایە لیژنەی دارایی و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، لە وەڵامدا ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، پارەمان نییە".
 
بە گوتەی میران کامیل: "لە سلێمانی لەکۆی هەزار و 200 بەڵێندەر، نزیکەی 850ـان مایەپووچ بوون، پرۆژەیان بۆ حکومەت جێبەجێکردووە و حکومەت پارەی نەداون، ئەوانیش قەرزداری خەڵک بوون".