رێگەی گۆمەسپان کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای نزیکەی 10 رۆژ داخرانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان، رێگەکەی نێوان هەولێر - سلێمانی کرایەوە.
 
عەبدوڵڵا گەردی، سەرپەرشتیاری بەنداوی گۆمەسپان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ ماوەی هەشت رۆژی لە سەر یەک بە شێوەی 24 کاژێری تیمەکانیان کاریان کردووە بۆ لێدانی رێگەیێکی کاتی تا تەواوکردنی رێگەی سەرەکی گۆمەسپان.
 
 سەرپەرشتیاری بەنداوی گۆمەسپان گوتیشی، رێگە کاتییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ تەواوکرا.
 
بەشێکی رێگەی سماقووڵی دەکەوێتە نێو بەنداوی گۆمەسپان، بەنداوەکە هەرچەندە هێشتا کاری تێدا دەکرێت، بەڵام ئاوی تێدا گلدراوەتەوە، بەو هۆیەوە بەشێکی رێگەی سماقووڵی ژێر ئاوکەوتووە.
 
عەبدوڵڵا گەردی باسی لەوەش کرد، لە ئێستاوە شۆفێران دەتوانن بۆ رێگەی نێوان سلێمانی - هەولێر و ئیدارەی راپەڕین - هەولێر رێگەی دەربەندی گۆمەسپان بەکاربهێنن، هەروەها رەچاوی ئەوەش کراوە تا تەواوکردنی رێگە سەرەکییەکە، بەرزبوونەوەی زیاتری ئاوی بەنداوەکە کاریگەری لە سەر رێگە کاتییەکە نەبێت.
 
چەند رێگەیەک هەولێر بە سلێمانی دەبەستنەوە، لەوانە: رێگەی هەولێر - کەرکووک- سلێمانی، هەولێر - کۆیە - سلێمانی، هەولێر - هیران - سلێمانی و هەولێر - سماقووڵی- سلێمانی، بەڵام رێگەی سماقووڵی نزیکترینیانە لەنێوان هەولێر و سلێمانی، بۆیە شۆفێران زیاتر ئەو رێگەیە بەکاردەهێنن.
 
بەنداوی گۆمەسپان قووڵییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە؛ ئەم ساڵ بۆ یەکەم جارە ئاوی تێدا گلدرایەوە.
 
بەنداوی گۆمەسپان لەسەر رووبەری 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا بە تێچووی 95 ملیار دینار دروست دەکرێت؛ پڕۆژەکە بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر.
 
پاییزی ساڵی 2013 بەردی بناخەی بەنداوەکە دانراوە، شەڕی داعش و قەیرانی دارایی کارەکانی دواخست. بەهاری ساڵی 2021 دەست بەکارەکانی کرایەوە و ئێستا 65%ی کارەکانی تەواو کراون.