لە ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سلێمانی سەگێک دەخنکێت؛ "دایکی نۆ بەچکەیە"


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەڕەکی کازیوەی دوو لە سلێمانی تیمی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، ویستیان سەگێک بگوزانەوە بۆ شێڵتەری سەگەکان لە ناوچەی عەربەت، بەڵام لەکاتی گرتنیدا، دەخنکێت. 
 
توانا ئەمین، کە یەکێکە لە بەرگریکارانی مافی ئاژەڵان و وەک شایەتحاڵی رووداوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من ئاگاداری رووداوەکەم و شارەوانیی سلێمانی سەگەکەی کوشتووە کە دایکی نۆ بەچکەی زۆر بچووکە و تەنیا یەک هەفتەیە لەدایک بوون. رووداوەکەش بە ئۆتۆمبێل و کارمەندی شارەوانیی سلێمانی لە کاتی دەوامی فەرمیدا بووە."
 
توانا ئەمین دەڵێت، لەسەر ئەو رووداوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کردووە. دەشڵێت: "لە شێوازی کۆکردنەوە و شێڵتەری سەگەکان بێدەنگ نابین." 
 
لەو بارەیەوە، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "کاری کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دراوەتە کۆمپانیایەک، بەڵام شارەوانی خۆی چاودێریی دەکات و رووداوەکە پەیوەندی بەئەوانەوە هەیە."
 
سامان ساڵح، سەرپەرشتیاری شێڵتەری سەگە بێلانەکان بە رووداوی گوت: "من دوو و سێ رۆژە لەوێ نیم و کاری دیکەم هەبووە."
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە دەست رووداو کەوتووە، دەردەکەوێت ئەو ئۆتۆمبێلەی سەگەکەی تێدا خنکاوە و کارمەندەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکەش، دوو ساڵە کاری کۆکردنەوەی سەگ بۆ شارەوانیی سلێمانی دەکەن و تیمی چاودێریی سەگەکانیش کارمەندی سەر بە شارەوانیی سلێمانین.