منداڵێک لە هەولێر کە سەگ برینداریکردووە: چووم خواردنیان بۆ بەرم، بەڵام پەلاماریان دام
رووداو دیجیتاڵ
قوربانییانی رووداوێکی دیکەی سەگ گەستن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێرن. محەممەد و رەوا هاوڕێ و دراوسێی یەکن، سەگی بێلانە هەردووکیانی گەستووە. محەممەد قاچ و رەواش شانی برینداربووە.
محەممەد فەرهاد، کە سەگی بێلانە برینداری کردووە، دەڵێت: "دایکم لە خەو هەڵیساندم، چووین خواردن بۆ سەگەکان ببەین کە چووین سەگەکان بۆم هاتن، من ترسام و رامکرد ئەوانیش پەلاماریان دام."
ئەو دوو مێرمنداڵە دانیشتووی گەڕەکی بێرکۆتی نوێن لە هەولێر، کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆ لەبەردەم ماڵەکانیان رەوە سەگێکی بێلانە پەلاماری داون.
ئیحسان پیرداود، باوکی رەوایە و دەڵێت: یەک و دووان نین بە رەوەن 20 بۆ 30 سەگن، زۆرن لە گەڕەکی ئێمە خەڵک و منداڵ ناتوانن لە ماڵ بڕۆنە دەرەوە."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، ساڵی رابردوو نزیکەی 500 رووداوی سەگ گەستن لە هەولێر تۆمارکراون.
حکومەتی هەرێمی کورستان بڕیاریداوە شێڵتەرێک بەتێچووی 500 ملیۆن دینار لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی بە دووری 15 کیلۆمەتر لەسەر رێگای گوێڕ دروستبکات.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی گوت: "بە کردەیی ئەمڕۆ دەستمان بە کارەکان کردووە بۆ دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە لەسەر رێگەی گوێڕ."
بەپێی پڕۆژەکەی حکومەت مانگانە 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر پێویستە.