ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە پارێزگای کرماشان
رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کرماشانەوە راگەیێندراوە بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە پەسند نەکراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە چەند شارێکی ئەو پارێزگایە یەکلایی بووەتەوە.
بەپێی دوایین ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بازنەی هەڵبژاردنی کرماشان، عەبدولڕەزا میسری و سەید قاسم جاسمی زۆرینەی دەنگەکانیان هێناوە و لەنێوان محەممەد کەرەمی راد و سەعید حەیدەری تەیب براوەی سێیەم هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە بە 53 هەزار دەنگ بەنوێنەری ئیسلام ئاوای رۆژئاوا و داڵاهوو هەڵبژێردرا.
فەرهاد تەجەری بە 30 هەزار دەنگ بەنوێنەری قەسری شیرین، سەرپیڵ زەهاو و گەیلانی رۆژئاوا، هەڵبژێردرا.
شەهاب نادری بە 30 هەزار دەنگ بەنوێنەری پاوە و هەورامانات هەڵبژێردرا.
حەسەن سلێمانی بە 50 هەزار دەنگ بەنوێنەری سەحەنە، هەرسین و کەنگاوەر هەڵبژێردرا.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە پارێزگای کرماشان بەدەستهاتوون بەلانیکەمەوە 6 کەس لە 8 نوێنەری ئەو پارێزگایە لە بناژۆخوازەکان دەبن.
بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکە لە پارێزگای کرماشان و لە کۆی 2 ملیۆن کەس دانیشتووی ئەو پاریزگایە، 1 ملیۆن و 507 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و هەزار و 514 بنکەی دەنگدانیش لەو پارێزگایە کراونەتەوە.