پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە؟

رووداو دیجیتاڵ
بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی عێراق، هەر یەک لە پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی تەمەنی یاساییان تەواو کردووە و دەبێت خانەنشین بکرێن. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "دۆخی ئێمە تایبەتە، ناکرێت من و پارێزگار لە یەککاتدا خانەنشین بین تاوەکو جێگرەوە دیاریدەکرێت."
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر وەزارەتی ناوخۆ لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، من و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە 31-1-2025، خانەنشین دەبین، بەڵام لە نووسراوی وەزارەتی دارایی کە دوێنێ هاتووە ئێمە لە 31-1-2024ـەوە یاسایی خانەنشینی دەمانگرێتەوە و پێویستە دەست لەکار هەڵگرین."
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەدایکبووی ساڵی 1963یە، شاهین رەزاش لەدایکبووی ساڵی 1964ـە. بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ دەبێت خانەنشین بکرێت.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کار، چونکە کۆمەڵێک پابەندبوون و بەرپرسیاریەتیمان لەسەرە، دەبێت کۆمەڵێک کەلوپەل رادەست بکەینەوە و ئەستۆپاکی بکەین."
ئەگەر پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی لە هەمان کاتدا خانەنشین بکرێن ئەوە بۆشایی کارگێڕی دروستدەبێت. شاهین رەزا گوتی، "پێویستە وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆکی حکومەت یاخود نووسینگەی کاک قوباد کەسێک بۆ شوێنی ئێمە دیاریی بکەن تاوەکو بۆشایی دروست نەبێت."
22ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەرکرد، بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت.