رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا. فەرمانگەکانی حکومەت بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکە تاوەکو ئێستا زیانی نەبووە.
رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران رایگەیاند، کاژێر 04:32 خولەک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (04:02 خولەک بە کاتی هەولێر)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر لە پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 8 کیلۆمەتری زەوی روویداوە و ناوەندەکەی شاری قەسری شیرین بووە کە دەکەوێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان.
بوومەلەرزەکە لە تەوای شار و ناوچەکانی پارێزگای کرماشان هەستی پێکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، فەرمانگەکانی حکومەت لەو پارێزگایە بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
مانگی سووری پارێزگای کرماشان رایگەیاند، دوو تیمی پشکنین و فریاکەوتنیان بۆ شوێنی بوومەلەرزەکە ناردووە بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن و لە کاتی پێویستدا یارمەتیی پێشکێش بە خەڵک بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ