ئاوی ژێر زەویی سنووری شاوێس 'نزیکەی 50 مەتر دابەزیوە'
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو نۆ بیری نوێ هەڵکەندراون و ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەسنوورەکەدا نزیکەی 50 مەتر دابەزیوە. دەشڵێت، نەبوون و کەمی کارەبای نیشتمانی گرفتی سەرەکییە لەدابەشکردنی ئاو بەسەر هاونیشتمانییاندا.
شەمسەدین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ساڵی رابردوو توانیویانە ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ لە سێکتەری ئاوی خواردنەوە بۆ سنووری کۆمەڵگەی شاوێس و دەورووبەری جێبەجێبکەن لەوانە؛ هەڵکەندنی نۆ بیری ئیرتیوازی و گۆڕین و دانانی نزیکەی حەوت هەزار مەتر تۆڕی ئاوی خواردنەوە.
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە رووداو کردووە و دەڵێن،"دوو مانگە لە کۆمەڵگەی شاوێس بێئاون و ئاویان بەسەردا دابەشنەکراوە"
بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس دەڵێت، لەسنووری شاوێس، 57 بیری ئیرتیوازی هەن، 42 بیریان لەنێو کۆمەڵگەی شاوێس و لە دەرووبەریش نزیکەی 15 بیر هەن، تەنیا یەک بیر کێشەی هەیە ئەویش بیری ژمارە دووە کە سەرەتای مانگی یەکی ئەم ساڵ وشکی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بیرەی وشکی کردووە و گرفتی بۆ ئاوی ناوبازاڕ و بەشێک لە کۆمەڵگەی شاوێس دروست کردووە، بەشێک لە ماڵەکان لە رێگەی بیری ژمارە 12ـوە ئاویان بۆ دابیندەکرێت و ئەوەی ئاوی پێنەگات بە تانکەر ئاویان بۆ دابینکراوە، رۆژانە لەڕێگەی تانکەرەوە ئاو دەگەیێنرێتە گەڕەکەکە.
لەبارەی گرفتی سەرەکیی ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شاوێس، شەمسەدین عەبدولقادر دەڵێت، گرفتی سەرەکی ئێمە نەبوونی کارەبایە بۆ کارپێکردنی بیرەکان و دابەشکردنی ئاو، نەبوون و کەمی کارەبای نیشتمانی گرفتی گەورەی بۆ دابەشکردنی ئاو دروست کردووە، چونکە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاو لە سنووری شاوێس تەنیا بیرەکانن.
بە گوتەی شەمسەدین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس، نزیکەی هەشت هەزار هاوبەشی ئاو لەنێو شاوێس هەیە و زیاتر لە 87٪ ـی هاوبەشان پیوەری ئاویان بۆ بەستراوە و هەر هاوبەشێکی نوێ تۆمار بکرێت، دەبێت پێوەری ئاو دابنێت.
گوتیشی، ساڵی رابردوو نۆ بیری نوێ هەڵکەندراون، حەوت هەزار مەتر تۆڕی ئاو گۆڕدراون و دانراون.
لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەویی لەسنوورەکەیاندا، بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس گوتی، تەنیا ساڵی رابردوو ئاستی ئاو لەسنوورەکە 50 مەتر دابەزیوە بۆیە ئەو بیرانەی هەڵکەندراون 500 مەتر قوڵکراون.