فەهمی بورهان: چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیاری راگرتنی گواستنەوەی ناسنامە بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، داوا کراوە هەموو رێکارەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 رابگیرێت. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن و بە هەنگاوێکی "گرنگ"یش بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێناسەی دەکات.
لەبارەی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ راگرتنی رێکارەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140، رۆژی هەینی، 27-1-2023، فههمی بورهان، سهرۆكی دهستهی گشتیی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؛ بەدڵنیاییەوە چاودێریی دەکەین و گومان لەوە دانییە، دەرکردنی بڕیارەکە گرنگە، بەڵام جێبەجێکردنی زۆر گرنگترە".
سهرۆكی دهستهی گشتیی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 زۆر گرنگە، چونکە "له ماوهی رابردوودا له خانهقین، كهركووك و ناوچهكانی دیكه ههوڵ ههبووە بۆ گۆڕانكاریی و گواستنهوهی ناسنامەی باری کەسێتی".
لە کاتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، یەکێک لە رێککەوتنەکانی لایەنە کوردستان و لایەنەکانی دیکەی پێکهێنانی دەوڵەت، پێکهێنانی لیژنە بوو بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140. فەهمی بورهان دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیەک دەستپێبکەین و بزانین بۆچی لە سەرەتاوە باس دەکراو تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە، بەتایبەت کە بڕیاربوو لەماوەی 10 رۆژدا لیژنەیەکی بۆ پێکبهێندرێت".
هەر ئەمڕۆ هەینی، سۆزان مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە و هەموو ئەو مامەڵانەی بۆ گواستنەوەی باری شارستانی دەکرێت رادەگیرێت و ئەوانەشی پێشتر کراون هەڵدەوەشێندرێنەوە، پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەین و داوا دەکەین ئەگەر پێشێلکارییەک لە هەر شوێنێک کرابێت ئاگاداربکرێینەوە."
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی پارێزگای دیالە و هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی لە کەرخ و رەسافەش کراوە، داوا کراوە هەموو رێکارەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 رابگیرێت.
ژمارەی نووسراوەکە 2015ـە و لە رۆژی 15-1-2023، بە ناونیشانی "گواستنەوەی دۆسیەی هاووڵاتییان بۆ ناوچەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق"دەرچووە و جەختکردنەوەیە لە جێبەجێکردنی نووسراوێکی دیکە کە 16-11-2022 دەرچووە.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی لیوا ریاز جوندی کەعبی، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی لەسەرە و تێیدا هاتووە، "تایبەت بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییانەی کە دۆسیەکانیان بە ئەلیکترۆنی کراوە لە ناوچانەی حوکمەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە و ژمارەی نیشتمانییان پێ دەرچووە و زانیاریی بایۆمەترییان جێگیرنەکراوە، فەرمان کراوە بە فەرمانگەکانی باری شارستانی بەگێڕانەوەی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییانە و هاوشێوەیان بۆ فەرمانگەکانی باری شارستانیی پێشوو، تاوەکو بابەتی ماددەی 140ـی دەستوور یەکلایی دەکرێتەوە."
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە. بەپێی لیژنەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق کە لیژنەیەک بوو بۆ چارەسەرکردنی خاوەندارێتیی ناوچە کێشەلەسەرەکان دامەزرا. سنووری ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە زیاتر لە 15 قەزا و 20 ناحیەن.