سوپای پاسداران ناهێڵێت قەڵای فەلەکول ئەفلاک لە یونسکۆ تۆمار بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران ناهێڵێت قەڵای مێژوویی فەلەکول ئەفلاکی شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئاسەوارێکی مێژوویی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە تۆمار بکرێت.
قەڵای فەلەکول ئەفلاک، یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. چەند ساڵێکە قسە هەیە وەک شوێنەوارێکی گرنگی جیهان بخرێتە لیستی یۆنسکۆوە.
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی کەلەپووری کولتووریی پارێزگای لوڕستان هۆکاری دواکەوتنی ئەو تۆمارکردنە بۆ دواکەوتنی پرۆژەی بنکەی سەربازیی سوپای پاسداران و چۆڵنەکردنی قەڵاکە لەلایەن ئەو هێزەوە دەگەڕێننەوە.
ئەمین قاسمی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی کەلەپووری کولتووریی لوڕستان دەڵێت: "ئەندامانی سوپا هەموو هەوڵێکی خۆیان داوە. چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵیان کردووە و لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان رێککەوتووین. ئەوانیش دەبێت بەو بڕە بودجە کەمەی کە ئێمە بە دەستمانەوەیە، توانای چۆڵکردنی قەڵاکە و دروستکردنی باڵەخانەیەکیان بۆ بنکەی سەربازییەکەی خۆیان هەبێت."
مێژووی دروستکردنی ئەو قەڵایە بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. پێشتر لەلایەن حکومەتی پەهلەوییەوە ماوەیەک گەوڕی ئاژەڵ و ماوەیەکیش وەک گرتووخانە بەکارهێنراوە. لە حکومەتی کۆماری ئیسلامییشدا ئەو قەڵایە بە بیانووی بەرگری لە سنوورەکانی ئەو ناوچەیە درایە دەست هێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران.
دوای ئەوەی رێکخراوەی یونسکۆ داوای چۆڵکردنی قەڵاکەی کرد بۆ ئەوەی وەک شوێنەوارێکی جیهانی تۆماری بکات، حکومەت 11 ملیار تمەنی بۆ ئەرتەش و 69 ملیار تمەنیشی بۆ سوپا دانا و بەڵێننامەی چۆڵکردنی پێ واژۆ کردن.
هێزەکانی ئەرتەش دوای وەرگرتنی پارەکە، قەڵاکەیان چۆڵکرد، بەڵام هێزەکانی سوپا، سەرەڕای وەرگرتنی 60 ملیار تمەن، بە بیانووی وەرنەگرتنی بەشێکی دیکەی پارەکە و گرانبوونی کەلوپەلی بیناسازی لە ئێران، هێشتا قەڵاکەیان چۆڵنەکردووە و بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەکەش داوای 80 ملیار تمەنی دیکە دەکەن.
مووسا خادمی، پارێزگاری لوڕستان دەڵێت: "هۆی دواکەوتنی پرۆژەکە چۆڵکردنی قەڵاکە بووە کە گرنگترین باسەکەی لەسەر ئەو کۆمەڵە کادیرەی سوپای پاسدارانە کە بتوانن بنکەیەک بۆ خۆیان دروست بکەن و بنکەکانییان لە قەڵاکەوە بگوازنەوە بۆ ئەوێ. تا ئێستاش 40٪ـی بنکەکەیان دروست کردووە و چاوەڕوانی تەواوبوونی بنکەکەی ئەوانین."
مێهرداد وەیسکەرەمی نوێنەری شاری خوڕەمئاوا لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنی تۆمارکردنی قەڵای فەلەکول ئەفلاک لە لیستی جیهانیی یۆنسکۆدا حکومەتە نەک سوپای پاسداران. حکومەت ئەو پارەیەی بۆ چۆڵکردنی قەڵاکە بڕیار بوو بیداتە سوپا، بە تەواوی نەیداوە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵئاوسانەوە ئێستا سوپا داوای پارەی زیاتر دەکات.
هەرچەندە قەڵای فەلەکول ئەفلاک تەنیا بە مەبەستی بنکەی سەربازیی سوپا بەکارناهێنرێت و ئەو مەبەستە کولتوورییانەی ئەو هێزەش کە خۆی بە چالاکیی کولتووری ناویان دەبات، لەوێ دەکرێن، بەڵام پێدەچێت ئەو تێچووانە رۆژبەڕۆژ زیاتر ببن. ئەویش نەک هەر بەهۆی تۆمارنەکرانی قەڵاکە لەنێو لیستی یۆنسکۆدا، بەڵکو بەهۆی ئەو زیانانەش کە لە چەند شوێنێکەوە بەر قەڵاکە کەوتوون و چاکیش نەکراونەتەوە.
پسپۆڕانی کەلەپووری کولتووری و چالاکڤانانی مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستانیش یان بێدەنگەیان لێکردووە یان نەیانتوانیوە هیچ هەنگاوێک بۆ دەرهێنانی قەڵاکە لەژێر دەستی ئەو هێزە سەربازییەدا بنێن.