لە ئاکرێ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێکی گەنج لەکاتی کاردا لە قەزای ئاکرێ کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
شێرزاد حەسۆ، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کرێکاران لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، رۆژی (پێنجشەممە، 26-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لە باڵەخانەیەک کاری دیکۆراتی کردووە لەکاتی کاردا گیانی لەدەستداوە".
سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کرێکاران لە ئاکرێ دەڵێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ئەمڕۆ ویستوویەتی کەرەستەکانی بباتەوە ئاسنێکی بەدەستەوە بووە و بەر وایەری کارەبا کەوتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە لە گەڕەکی کوردستان روویداوە. ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ناسیح واربر محەممەدە و تەمەنی 22 ساڵە و خەڵکی ناحیەی دینارتەیە لە هەمان سنوور".
تەرمی ئەو هاونیشتمانییە دوای رێکارەکانی دادپزیشکی رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
18ـی ئەم مانگە بە هەمان هۆکار کرێکارێک لە قەزای کەلار لەکاتی کاردا گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، تاوەکو 12ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، 35 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و بەگوێرەی شارەکان بەمشێوەیە بووە: سلێمانی 20 کرێکار، هەولێر 9 کرێکار، دهۆک 5 کرێکار و لە هەڵەبجەش یەک کرێکار گیانی لەدەستداوە.