گرووپێکی گەشتیاری لە چینەوە دەچنە هەڵەبجە: 'خەڵکی کورد و خواردنەکانیان زۆر تایبەتن'


رووداو دیجیتاڵ 

گرووپێکی گەشتياری لە هۆنگ کۆنگەوە سەردانی هەڵەبجەیان کردووە کە لە 46 گەشتیار پێکدێن. دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی گەشتەکەیان دەکات و بڕیارە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بگەڕێن.  
 
بەشێک لە گەشتیارەکان ڤلۆگەرن و مەبەست لە سەردانەکەیان زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستانە بە گەشتیارانی بیانی، بە تایبەت لە دوورە وڵاتێکی وەکو چین.
 
ڤەنێسا چۆی، خەڵکی هۆنگ کۆنگە و يەکەم جارە دێتە هەرێمی کوردستان، بە دڵخۆشييەوە باسی لە گەشتەکەيان کرد، گوتی: "ناوم ڤەنێسایە و سەرۆکی گرووپی گەشتیاریم و خەڵکی هۆنگ کۆنگم، ئەمجارە گرووپێکی خەڵکی هۆنگ کۆنگم هێناوەتە کوردستان، هەروەها سەردانی عێراقیش دەکەین و ماوەی 15 رۆژ دەمێنینەوە. لە راستیدا پێم وایە کە کورستان شوێنێکی زۆر باشە و زۆر پارچەیەکی تایبەتە لە عێراق. پێم وایە کە ئێوە کولتوورێکی زۆر تایبەتتان هەیە، خەڵکی کورد و خواردنی کوردی زۆر تایبەتن، ئێمە کرسیمسێکی خۆش لێرە بەڕێدەکەین لە کوردستان."
 
پارێزگای هەڵەبجە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ناوخۆ و خواروو و نێوەڕاستی عێراق رووی تێدەکەن، بەڵام ئێستا پارێزگاکە چاوی لە گەشتیاری دەرەکییە، ئەم سەردانەش بە دەرفەت دەزانن. 
 
هایدی لی، گەشتیارێکی دیکەیە و بە رووداوی گوت، "بە مەبەستی گەشتکردن هاتوومەتە ئێرە، من زۆر خۆشیم لە گەشتەکەم بینی. لەنێوان ئێرە و ئێران جیاوازیی زۆر هەیە، لەبەرئەوەی لە ئێران هەموو ژنەکان سەرپۆش لەسەر دەکەن، بەڵام لێرە خەڵک تۆزێک کراوەترن و خەڵک بە ئارەزووی خۆیانە کە سەرپۆش لەسەر بکەن یاخود نا. زۆر حەزم لێرەیە و پێم وایە کە دووبارە لەوانەیە کە دوای 10 ساڵی دیکە بێینەوە ئێرە، چونکە لەوانەیە دوای 10 ساڵی دیکە جیاوازیی زۆر رووبدات."