وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 11 بۆ بەغدا نێردرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی سێشەممە، 26-11-2024، لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
رۆژی دووشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر پرسی دواکەوتنی مووچەی مانگی 10، شاندێک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دەپرسێت بۆچی مووچە نانێرن؟".
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "هیچ کێشە و هەڵەیەک لە لیستی مووچەی مانگی 10دا نییە، بەغدا تەنیا بیانوو دەگرێت".
ئەو سەرچاوەیە گوتبووی "لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی 11 بۆ بەغدا دەنێردرێت".
سەبارەت بە ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا ئەو سەرچاوەیە گوتی، "تاوەکو ئێستا بۆ بەغدا نەنێردراوە و کارەکانی تەواو نەبووە".
رۆژی 03-11-2024 لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، تاوەکو وردبینی تێدا بکرێت.
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.