خوێندنى باڵا: 100٪ـی دەرچووانی ناوچە دابڕاوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمى کوردستان وەرگیران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێت، تەواوی دەرچووانى سنووری کەرکووک، شنگال، خانەقین و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمى کوردستان وەرگیران.
 
رۆژی (سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "بە فەرمانى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، 100٪ـی دەرچووانى کەرکووک، شنگال، خانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانى دیکەی دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران."
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەوانەی وەرگیراون نزیکەی 1000 قوتابی دەبن.
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە سەرجەم وەرگیراوان دەکات دواى دۆزینەوەى شوێنى وەرگرتنیان لە وێبسایتى رێگەى زانکۆ (regayzanko.com) بەمەبەستى ئەنجامدانی مامەڵەى دەستبەکاربوونیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە بەش و کۆلێژەکانیانەوە بکەن.
 
ئەم ساڵ 1353 قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەرچوون.