قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەستپێدەکات؛ دیارترین پرسیارەکان چین؟
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە قۆناخی کۆتایی سەرژمێرییدا 77 پرسیار دەکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک وەڵامی ئەم پرسیارانە نەداتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
رۆژی سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، کارزان مەنتک، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ دووشەممە یەکەم رۆژی راهێنانی کارمەندانی بژمێر بوو لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. راهێنانەکە تاوەکو 29ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بۆ قۆناخی کۆتایی سەرژمێری ئامادە دەکرێن".
نزیکەی 21 هەزار بژمێر کە بەشێوەی گرێبەست لەم پرۆسەیە دامەزراون، لەگەڵ 9 هەزار بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر لە وەزارەتەکانی پلاندانان و پەروەردە راهێنانیان پێدەکرێت.
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بڕیارە 30-11-2024 دەست بە بەشی کۆتایی سەرژمێری بکرێت کە 77 پرسیاری کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی، باری خێزان، ئاستی خوێندن و زۆری دیکەیش لەخۆی دەگرێت."
بە گوتەی کارزان مەنتک، "بڕیارە 10-12-2024 کۆتایی بە پرۆسەی سەرژمێری بێت، بەڵام ئەگەری هەیە پڕۆسەکە لە هەرێمی کوردستان چەند رۆژێک درێژ بکرێتەوە، چونکە لە بەغدا ئەم قۆناخە زووتر دەستپێدەکات."
سەبارەت بە پڕکردنەوە فۆرمی 77 پرسیارەکە، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو فۆرمە تەواوکەری فۆرمی خێزانە و دەبێت هەموو خێزانێک پڕی بکاتەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو خێزانە دەگیرێتەبەر".
کارزان مەنتک گوتیشی، "دوای ئەو قۆناخە ئیدی سەردانی خێزانەکان ناکرێتەوە و قۆناخی وردبینی دەمێنێت. ئەگەر لەو قۆناخەدا گومان لە دروستیی زانیاریی خێزانێک بکرێت، ئەگەری هەیە سەردانی بکرێتەوە یان لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەبکرێت بۆ زانینی راستیی زانیارییەکە."
20 و 21 و 22ـی ئەم مانگە قۆناخی دووەمی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو.
لە قۆناخی کۆتایی سەرژمێری پرسیاری زۆر دەکرێن. دیارترین پرسیارەکان ئەمانەن:
- باری خێزانی
- هاوژینی هەیە یان جیابووەتەوە
- تەمەن لە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی
- ئەو پیاوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، ئاماژە بە ژمارەی ئەو هاوژینانەیان دەکرێت لەگەڵی دەژین
- ژمارەی کارتی نیشتمانی
- سەرچاوەی کارەبا
- خاوەنی ئەو خانوو یان شوقەیەیە تێیدا دەژی یان کرێچییە؟
- سەرچاوەی ئاوی سەرەکی
- شێوازی سەرەکیی فڕێدانی زبڵ
- ژمارەی کۆبوونی خۆراک
- رووبەڕووی راگواستن یان کۆچکردنی زۆرەملێ بووەتەوە
* خاوەنداریێتیی کەلوپەل:
- ئۆتۆمبێلی هەیە؟
- ماتۆڕسکیلی هەیە؟
- بەفرگر (سەلاجە)ی هەیە؟
- بەستێنەر (مجەمیدە)ی هەیە؟
- جلشۆری هەیە؟
- بۆیلەر (گیزەر) بەکاردێنێت؟
- سپلیتی هەیە؟
- موەلیدەی هەیە؟
- تەلەڤزیۆنی هەیە؟
- گسکی کارەبایی بەکاردێنێت؟
- خاوەنی کۆمپیوتەرە؟
- خاوەنی ئایپادە؟
- خاوەنی مۆبایلی زیرەکە؟
- سیستمی ئینتەرنێتی ماڵانی هەیە؟
- قاپشۆری هەیە؟
- سیستمی پاڵاوتنی ئاوی هەیە؟