پەروەردەى عێراق چەند بڕیارێک لەبارەى مامۆستایانى خوێندنى کوردى خورماتوو دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پەروەردەى عێراق چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیى خوێندنى کوردى قەزاى خورماتوو دەردەکات لەوانە مامۆستایانى کورد دەتوانن ببنە بەڕێوەبەر و بەشدارى خولەکانى سەرپەرشتیاران بکەن و چاودێرى هۆڵەکانى تاقیکردنەوە و پشکنینى تێنووسى تاقیکردنەوەکان بکەن.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى پەروەردەی عێراق کە لە 16ى تشرینى دووەمى 2022 ئاراستەى پەرلەمانتارێکى کوردى پارێزگاى سەلاحەدین کراوە، ئاماژە بە چەند بڕیارێک دراوە کە وەزارەتى پەروەردە لەبارەى خوێندنى کوردى لە قەزاى خورماتوو داویەتی، لەوانە مامۆستایانى خوێندنى کوردى لەو قەزایە لەمەودوا دەتوانن ببنە بەڕێوەبەر یان جێگرى بەڕێوەبەرى خوێندگەکان و بەشداربن لە لیژنەکانى چاودێرى تاقیکردنەوەکاندا.
کەریم شوکر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە خەڵکى خورماتووە و وەڵامى نووسراوەکەى وەزارەتى پەروەردە لەسەر داواى ئەو بووە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشتر مامۆستایانى خوێندنى کوردى نەیاندەتوانى ببنە بەڕێوەبەر یان جێگرى بەڕێوەبەر یان بەشداربن لە چاودێریکردنى هۆڵەکانى خوێندن لەکاتى تاقیکردنەوەکاندا."
بەگوێرەى بڕیارەکەى وەزارەتى پەروەردە لەمەدوا مامۆستایانى بەشی خوێندنى کوردى لە خورماتوو دەتوانن بەشدارى لە خولەکانى سەرپەرشتیاران و لیژنەکانى پشکنینى تێنووسى تاقیکردنەوەکاندا بکەن.
کەریم شوکر گوتی: "پێشتر دەفتەرى تاقیکردنەوەى قوتابییانى خوێندنى کوردى خورماتوو لە ناوەندى پارێزگاى سەلاحەدین لەلایەن مامۆستایانى دیکەوە سەیر دەکرا کە نەماندەزانى چۆن و لەکوێوە ئەو مامۆستا کوردانە دەهێنن."
سنوورى قەزاى خورماتوو 26 قوتابخانەى سەرەتایی و حەوت قوتابخانەى دواناوەندى لێیە، کە 735 مامۆستاى کورد وانەى تێدا دەڵێنەوە.
قەزاى خورماتوو ناوچەیەکى کێشەلەسەرە، پێشتر سەر بە پارێزگاى کەرکووک بوو، بەڵام لەلایەن رژێمی بەعسەوە لێکندرا بە پارێزگاى سەلاحەدین.