بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: لە ئۆپەراسیۆنی تورکیادا 59 کەس گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە شەش رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی تورکیادا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە 59 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 19ـیان شەڕڤانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشن؛ داواش لە ئەمریکا و رووسیا دەکات ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا رابگرن و دژی "دەستدرێژی و تاوانەکانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە بوەستنەوە." 
 
رۆژی شەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2022، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماری شەش رۆژی هێرشەکەی تورکیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 19 شەڕڤانی هەسەدە و ئەندامێکی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە؛ دەشڵێت، 16 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 24 سەربازی سوپای سووریاش کوژراون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوەش دەکات کە 73 کەس لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان برینداربوون کە 33 کەسی سڤیل، 13 شەڕڤان و ئەندامی هێزی ئاسایش و 25ـیشیان سەر بە سوپای سووریان. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ - شمشێر راگەیاند و هێرشێکی بەرفراوانیی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، تورکیا لە ‌هێرشەکانیدا 50 فڕۆکەی جەنگی و 20 درۆنی بەکارهێناوە و ئاماژە بەوەش دەکات، فڕۆکەکان لە شاری ئامەدی باکووری کوردستانەوە فڕیوون. 
 
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە رۆژی یەکەمیدا "ژێرخانی سڤیل، وزە و خۆراکی کردووەتە ئامانج." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ژیانی خەڵکی سڤیل بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە وەستاوە و "لە شارۆچکەکانی سەر سنوور، بەشێکی خەڵکی ناچارکراون لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بەشێکی دیکەش ئاوارە بوون." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "جەنگی تورکیا دژی ناوچەکە، جەنگێکی ئابوورییە" و دەشڵێت، هەرچەندە هێرشەکانی تورکیا شتێکی نوێ نین، بەڵام "ئەمجارە لە رێگەی درۆنەوە هێرشەکانی چڕکردوونەتەوە." مەبەستی تورکیاش، وەکو خۆی دەڵێت، "تێکدانی هەمیشەیی سەقامگیریی ناوچەکەیە." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی تێكدانی ژێرخانی وزە، خۆراک و ئابووریی ناوچەکە؛ هۆشداریی کۆچی بەکۆمەڵیش دەدات و دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە لەمە خراپتربێت، چیدیکە ناتوانین پێشبینیی کۆچی بەکۆمەڵ نەکەین." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، تورکیا ناوچەکانی دەوروبەری کامپی هۆلی لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج کە دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشی تێدا نیشتەجێیە و دەشڵێت، هێرشەکان بوونەتە هۆی ئەوەی "چەند کەسێک" لە کامپەکە هەڵبێن، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، دەستگیرکراونەتەوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، تورکیا نزیک گرتووخانەیەکی کردووەتە ئامانج کە "چەکدارانی داعشی تێدایە"؛ باس لەوەش دەکات کە هەرچەندە لە ساڵی 2019دا داعش تێکشکێندرا، رێکخراوەکە "هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو کەسێک" و دەشڵێت، ئەم هێرشانە نەک هەر کاریگەری دەخەنە سەر هەوڵەکان بۆ شەڕی دژی داعش، بەڵکو "یارمەتیی بەهێزبوونی داعش دەدەن." 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە ئەمریکا و رووسیا دەکات ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا رابگرن و دژی "دەستدرێژی و تاوانەکانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە بوەستنەوە" چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "ئەوان ئاسمانی ناوچەکەیان بەڕووی تورکیادا کردووەتەوە و گڵۆپی سەوزی"یان بۆ هەڵکردووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریش دەدات لەوەی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا نەک هەر کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت، بەڵکو "کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان دەبێت." 
 
ئۆپەراسیۆنی تورکیا کوێی کردووەتە ئامانج؟
 
19 و 20ـی تشرینی دووەم
 
لە دێرک، بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وێستگەی کارەبای گوندی تەقل بەقل کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە 65 گوند بێکارەبا ماونەتەوە و لانیکەم 11 کەس، لەنێویدا رۆژنامەڤانێک گیانیان لەدەستداوە و 6 کەس برینداربوون. 
 
لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، نەخۆشخانەی کۆرۆنای شارەکە کراوەتە ئامانج و سێ کەسی سڤیل، لەنێویدا رۆژنامەڤانێک برینداربوون.
 
لە دربەسیێ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا سایلۆی دانەوێڵەیان کردووەتە ئامانج و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. لە شارۆچکەی زرگانی تل تەمریش شەڕڤانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە بەهۆی بۆردوومانەوە گیانی لەدەستداوە. لە شارۆچکەی شەهباش، بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 5 چەکداری هێزەکانی ئازادیی عەفرین گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک سەربازی حکومەتی سووریاش برینداربوون. لە سنووری شارۆچکەی گرێ سپییش، پێگەیەکی سوپای سووریا کراوەتە ئامانج. 
 
21 و 22ـی تشرینی دووەم
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لەو دوو رۆژەدا کۆبانێ، تل تەمر، حەسەکە، دربەسیێ، قامشلۆ، گرێ سپی، دێرەزوور، منبج، شەهبا و عامودێ لەلایەن سوپای تورکیاوە کراونەتە ئامانج. 
 
لە کۆبانێ، دوو ناوەندی تەندروستی، وێستگەیەکی کارەبا، قوتابخانەیەک بۆردوومان کراون. 
 
لە تل تەمر، لە هێرشی درۆندا، چوار شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و ئۆتۆمبێلێکی سڤیلیش بەر بۆردوومان کەوتووە و کەسێک بەهۆیەوە برینداربووە.
 
لە حەسەکە، پێگەکانی دژەتیرۆری هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆردوومان کراون و دوو شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە دربەسیێ و قامشلۆ ژمارەیەک کێڵگەی نەوت کراونەتە ئامانج و سەربازێکی حکومەتی سوریا "بەسەختی" بریندار بووە. کۆگایەکی دانەوێڵە لە عەین عیسا کراوەتە ئامانج. 
 
لە منبج، شەهبا و عامودێ، ژمارەیەک سەربازی حکومەتی سووریا کوژراون. ئەمە هەمووی بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. 
 
23 و 24ـی تشرینی دووەم
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات کە لەو رۆژانەدا لە تل تەمر دوو شەڕڤانی هەسەدە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە؛ لە عامودێش ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش گیانی لەدەستداوە. 
 
لە قامشلۆ و دێرکیش، وەکو خۆی دەڵێت، ژێرخانی سڤیل و وزە کراونەتە ئامانج. 
 
لە حەسەکەش دەوروبەری کامپی هۆل بۆردوومانکراوە و بەهۆیەوە 8 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێک لە کامپەکە هەڵاتوون، "بەڵام دواتر دەستگیرکراونەتەوە." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لەو رۆژانەدا 116 شارۆچکە بۆردوومانکراون. 
 
24ـی تشرینی دووەم
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات لەو رۆژەدا، دربەسیێ، دێرک، تل تەمر و قامشلۆ لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراون. 
لە دربەسیێ، ژێرخانی وزە و تۆڕەکانی پەیوەندی کراونەتە ئامانج؛ لە دێرک، ژێرخانی وزە کراوەتە ئامانج و دوو کەسی سڤیل برینداربوون و لە قامشلۆش بەهۆی هێرشی درۆنێک بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک، سێ کەسی سڤیل برینداربوون.