عەزیز وەیسی: سێ نانەواخانەم کردووەتەوە و بەخۆڕایی نان بە هاونیشتمانییان دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند عەزیز وەیسی رایگەیاند، لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ نانەواخانەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی بێبەرامبەر نان بەو هاونیشتمانییانە بدەن کە توانای کڕینی نانیان نییە.
رۆژی شەممە 26-11-2022، هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەزیز وەیسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی هەفتەیەکە لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ نانەواخانەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی بێبەرامبەر نان بەو هاونیشتمانییانە بدەن کە توانای کڕینی نانیان نییە و خەرجی نانەواخانەکان هەمووی دەگرێتە ئەستۆی خۆی.
عەزیز وەیسی گوتی: "ئەمڕۆش دەستی بە هەڵمەتێکی دابەشکردنی دەرمان و خۆراک کردووە بەسەر ئەو ماڵباتانەی کە ئەندامێکی بریندار یان شەهیدیان هەیە و چەند رۆژێکیش بەردەوام دەبێت."
رۆژی 14 تشرینی یەکەمی 2022، هونەرمەند عەزیز وەیسی، بانگهێشتی لقی 16ی دادگەی کرماشان کرا و دوای ئەوەی لەوێ دەستبەسەر کرا، گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان، بەڵام رۆژی 16ی تشرینی یەکەم، بە کەفالەت ئازادکرا.
عەزیز وەیسی بەم دواییە لە هەژماری تایبەتیی لە ئینیستاگرام پۆست و ستۆری لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردبووە، هەروەها گۆرانییەکی لەبارەی ئەو دۆخە بڵاوکردەوە.
عەزیز وەیسی، لە 1968 لە سەلاسی باوەجانی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە؛ گۆرانی بە زمانی کوردی و فارسی دەڵێت، بە گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناوبانگی پەیداکردووە.
ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە، لەوانە 'بەمۆ'، 'سەهەند'، 'سۆما'، 'دیلان'، 'سەما'، 'هەرزانە' و 'نەورۆز.'
دوای ئەو خۆپێشاندانانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەریانهەڵدا کە باوکی رایگەیاند، لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانی کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە.