مەزڵووم عەبدی بۆ رووداو: پێویستە ئەمریکا هەڵوێستی تووندتری بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی روووداو گوتی، داوا لە ئەمریکا دەکەن کە "هەڵوێستی تووندتر"یان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا هەبێت. گوتیشی، "ئەگەر تورکیا پەبەند نەبوو بە رێککەوتنی ساڵی 2019، پێویستە سزا بەسەر تورکیا بسەپێندرێت."
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە لە وەڵامی حوسێن عومەر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەوەی ئەگەر تورکیا هەڵوێستی ئەمریکا و رووسیا و ئێرانی لەبەرچاو نەگرت و هەر رژدبوو لەسەر ئەوەی هێرش بکات. پێشبینی ئەوە دەکەن ئەمریکا هەڵوێستێکی تووندتری هەبێت بەرامبەر تورکیا بۆ راگرتنی ئەو هێرشەی تورکیا بەنیازە بیکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان؟
 
مەزڵووم عەبدی لە وەڵامدا گوتی، "پێویستە هەڵوێستیان هەبێت، ئێمەش ئەوەمان لێ پرسین ئەگەر تورکیا هەڵوێستی ئێوەی لەبەرچاو نەگرت و دەرباز بوو.. ئێمە داوامان لێکردن کە هەڵوێستیان تووندتر بێت، لەو باوەڕەشداین هەڵوێستیان تووندتر بێت. داواکاریی ئێمەش ئەوەیە ساڵی 2019 رێککەوتنێک کرا، بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەگەر هاتوو تورکیا پابەند نەبێت بەو رێککەوتنە پێویستە سزا بەسەر تورکیا بسەپێندرێت، ئێمە داوا دەکەین بەپێی ئەو رێککەوتنە بڕیاری خۆیان بدەن."
 
رۆژی شەممە، 26-11-20211، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند: "ماوەی حەوت رۆژە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمەکەمان بەردەوامە لە رێگەی تۆپ و فڕۆکە و لەسەر زەمین، هێرشێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە".
 
بە گوتەی مەزڵووم عەبدی، جیاوازیی ئەو هێرشە لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو ئەوەیە "تەنیا هێزە سەربازییەکان نەکراونەتە ئامانج، بەڵکو هێزە مەدەنییەکانیش بە ئامانج دەگرن، تاوەکو ئێستا 14 کارمەندی گواستنەوەی مەدەنی شەهیدبوونە، لەگەڵ 16 سەرباز. هەروەها جیاوازیی هێرشەکانی ئەم جارە ئەوەیە چەندین شوێن کراونەتە ئامانج، هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە سەرەکییەکانی ئەو هەرێمە، شوێنی کارەبا، غاز و تاوەکو ئێستا 45 دامەزراوە کراونەتە ئامانج. ئامانجیشیان ئەوەیە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئیداری لەو هەرێمە نەهێڵن. بە کورتییەکەی ئامانجی تورکیا ئەوەیە ژێرخانی ئەو هەرێمە لەنێو ببات و رێگە لەبەردەمی خۆش بکات بۆ ئەوەی هێرشی زەمینی ئەنجام بدات".
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ - شمشێر راگەیاند و هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2022، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند: "بە درۆن هێرشکراوەتەسەر بنکەیەکی هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە باکووری پارێزگای حەسەکە". گوتیشی، ئەو بنکەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش بەکاردەهێندرا. 
 
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت، پشتڕاستن لەوەی تورکیا خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی ئامادە کردووە و ئاماژە بە لێدوانێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەدات دەڵێت: "ئەردۆغان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا ئەوان دەیانەوێت هێرشی کۆبانێ، منبج و شەهبا بکەن لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سووریا."
 
بە گوتەی مەزڵووم عەبدی، تورکیا بۆ ئەو هێرشەی، "هێرشەکەی ئیستەنبووڵی کردووەتە پاساو، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە دوور و نزیک پەیوەندیمان بەو هێرشەوە نییە. پێشتریش رامانگەیاندووە، ئێمە داوای لێکۆڵینەوەمان کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ دەرکەوتنی راستییەکان، ئەوانەی ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە ئەوانە پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە هەیە".
 
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەرچی ئەوان حەز ناکەن شەڕ بکەن، بەڵام ئەگەر بێت و تورکیا هەر رژد بێت لەسەر ئەو هێرشە، ئەوا ئەوانیش بەرپەرچی دەدەنەوە و دەڵێت: "راستییەکەی تورکیا خۆی بۆ هێرشێکی زەمینی ئامادە دەکات، ئێمەش وەکو هێزێکی سەربازی ئامادەین، شەڕێکی بەرفراوان بکەین هاوشێوەی ئەو شەڕانەی پێشتر کراوە، ئەگەر شەڕ دروست ببێت ئێمە مافی خۆمانە بەرگری بکەین. وەک هێزی سەربازی و گەل ئامادەین بەرپەرچی ئەو هێرشە بدەینەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا نامانەوێت شەڕ دروست ببێت".
 
مەزڵووم عەبدی، باسی زیانەکانی ئەو هێرشانە دەکات کە کراوەتە سەر هێزەکانیان و کاریگەریی بەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان لە بەرامبەر داعش و دەڵێت: "ئەو هێرشانەی تاوەکو ئێستا کراون، زیانی زۆریان بە ناوچەکە و ژێرخانەکەی گەیاندووە و هۆکاریش بووە لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی داعش، چونکە ئەو هێزانەی ئێمە کە شەڕی داعش دەکەن، ئێستا بوونەتە ئامانجی ئەو هێرشانە".
 
لەبارەی هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لەبەرامبەر تورکیا لەو هێرشەی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجامی دەدات، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا چەندین هێزی نێودەوڵەتیی دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە وەستاونەتەوە، ئێمە دەزانین ئەمریکا و رووسیاش دژی ئەو هێرشەن، ئەمەش بە هەوڵێستێکی باش دەزانین، بەڵام دەوڵەتی تورکیا رژدە لەسەر ئەو هێرشە، بۆیە ئەگەر هەڵوێستێکی تووندی نێودەوڵەتی نەبێت ئەوا تورکیا هێرشەکانی بەرفراوانتر دەکات. بەهۆی ئەوەی بەشێکی ئەو هەرێمە عەرەبییە، پێویستە وڵاتانی عەرەبیش هەڵوێستێکی روونیان هەبێت، چونکە ئەو هێرشەی تورکیا دەیکات داگیرکردنی وڵاتێکی عەرەبیشە".