مەلا بەختیار: جێبەجێنەکردنی مادەی 140 بە پیلان بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ کۆنفرانسی "پلاتفۆرمی دابڕان" لە سلێمانی دەستیپێکرد. مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆڕمی دابڕان لە گوتارەکەیدا باسی ئەو هەوڵانەی کرد کە بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق هەن و پێیوایە جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی دەستوور بە تایبەتی مادەی 140 بە مەبەست و بە بەرنامە و بە پیلان بووە.
 
مەلا بەختیار گوتی: "ئێستا بیانوویەکی دیکەیان دۆزیوەتەوە بەوەی کە ئەو دەستوورە پەلە پەلی تێداکراوە. گوایە ئێستا عێراق گەڕاوەتەوە سەر رێچکەی خۆی و پێویستە دەستکاری دەستوور بکرێت". مەلا بەختیار پێیوایە ئەگەر دەستکاری دەستوور بکرێت، دەبێتە سەرەتایەکی مەترسیدار لە نێوان کورد و عەرەب لە عێراق.
 
ئەمڕۆ شەممە 26-11-2022، حەوتەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (پلاتفۆڕمی دابڕان) و پێنجەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (فێمێنیزمی رۆشنگەری) لە هۆڵی ئازاد هەورامی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.
 
مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆرمەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە کاتی کۆنفرانسەکە کرد و گوتی: "ئەم کۆنفرانسە لە هەلومەرجێک دەبەستین، لەلایەک دنیا دڵی خۆشە بە مۆندیال و بە سەدان ملیۆن کەس سەیری شاشەی تەلەڤزیۆن دەکەن. لەملاشەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی نالەباردایە".
 
بە گوتەی مەلا بەختیار، هێشتا وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "بەدەست نەبوونی دیموکراسییەوە دەناڵێنن. هێشتا سەرەتاکانی رۆشنگەری لەنێویدا سەریهەڵنەداوە؛ هێشتا ژن بەتووندی دەچەوسێندرێتەوە؛ عەقڵیەتی باوکسالاری دەسەپێندرێت و جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ژن و پیاودا دەکرێت. هێشتا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئازادی نییە؛ خەڵک لەسەر ئازادی دەکوژرێت؛ زیندانەکان پڕن لە خەڵکی ئازادیخواز. هێشتا لەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەی ئێمە عەقڵ ئازاد نییە؛ ئایدیۆلۆجیەت ئازاد نییە؛ فەلسەفە ئازاد نییە؛ تەنانەت ئایین و مەزهەبیش ئازاد نین. لە هەر وڵاتێکدا سوننە دەسەڵاتدار بێت شیعە دەچەوسێتەوە. شیعە دەسەڵاتدار بێت، سوننە دەچەوسێتەوە. لە هەردوو وڵاتەکە شیعە و سوننە دەسەڵاتدار بن، ئایینزاکانی دیکەی هەموویان دەچەوسێندرێنەوە".
 
بە بڕوای مەلا بەختیار، سەرەڕای ئەوەی هێشتا چەوسانەوەی چینایەتی لە رۆژئاوا ماوە، بەڵام "بە ئەزموون دەرکەوتووە، وڵاتانی دیموکراسی و سیکۆلار لە رۆژئاوا سەرکەوتووبوون لە کۆکردنەوەی هەموو فەلسەفە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و پێشکەوتنێکی ئێجگار زۆریان بەدیهێناوە. ئەوان بەشێکی زۆری کێشەکانی ژیان و گوزەرانی مرۆڤیشیان چارەسەر کردووە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا چەوساندنەوەی چینایەتی ماوە. هێشتا لە ئەوروپا جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا هەیە، هێشتا ژن دەچەوسێندرێتەوە".
 
 
سەبارەت عێراق و کوردستانیش، مەلا بەختیار گوتی: "عێراق هێشتا سەرۆکوەزیرانێکی نوێی هەیە و ناتوانرێت هیچ جۆرە گرەوێکی لەسەر بکرێت تاوەکو 6 مانگ بۆ ساڵێک ئەم کەسە تاقی نەکرێتەوە و پابەندبوونی بە دەستوور نەسەلمێنێت. ناتوانرێت بگوترێت ئەم سەرۆکوەزیرانە باشترە یان سەرکەوتووترە لە سەرۆکوەزیرەکانی دیکە. گریمان ئەگەر زۆر باشیش بێت، بەڵام ژینگەی سیاسی و مەزهەبی و هێزی چەکداری تایبەتیی عێراق و ئەو دۆخە ئابوورییە تێک و پێکچووەی ئێستای عێراق و ئەو گەندەڵستانەی لە عێراقدا هەیە.. ناتوانێت لەنێو ئەو ژینگەیەی کە پێی دەڵێن ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی عێراق، بتوانێت سەرکەوتووبێت".
 
مەلا بەختیار باسی ئەو هەوڵانەشی کرد کە بۆ هەموارکردنی دەستوور دەدرێن و ئەو هەوڵانەش بە "خەیاڵێکی شۆڤێنی تائیفی" ناو دەبات و دەڵێت: "ئێستا وردە وردە قسەی گەرم لەنێوانیاندا هەیە کە گوایە ئەم دەستوورە بە پەلە پەل داڕێژراوە؛ ئاماژەی تاوانیش بۆ کورد و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی و پارتی دەبەن کە گوایە ئەوان بەپەلە سوودیان لە دۆخی تایبەتی عێراق وەرگرتووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دەستوورە، بە تایبەتی مادەی 140. ئێستاش عێراق هاتووەتەوە سەر رێچکەی خۆی و دەبێت سەرلەنوێ بەو دەستوورەدا بچنەوە. ئەمە یەکێکە لە خەیاڵاتی ئەوان کە خەیاڵێکی شۆڤێنی تائیفییە. پێم وابێت ئەگەر بۆیان بچێتەسەر، عێراق لەگەڵ کوردستان جارێکی دیکە لە سەردەمێکی دیکەدا دووچاری قەیرانێکی سیاسیی گەورە دەکەن، چۆن لە 1961 و 1964 لە 1967 و 1968 لە 1974 ناچاریان کردین شەڕ ببێتەوە؛ چۆن لە ساڵی 1976 هیچ رێگەیان لەبەردەم کورد نەهێشتەوە پارتیزان دروستکردن نەبێت. پێم وایە ئەگەر دەستکاری دەستوور بکەن سەرەتایەکی مەترسیدار دەبێت بۆ تێکچوونی نێوانی کورد و عەرەب لە عێراق، لەنێوانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە عێراق".
 
سەبارەت بە کوردستانیش مەلا بەختیار پێیوابوو "کوردستان بە داخێکی زۆرەوە دۆخێکی نالەباری هەیە. تاوەکو ئێستا دوو حیزب رێککەوتن لەنێوانیاندا نییە؛ تائێستا زەمینەی متمانەی سیاسی لە کوردستاندا نییە؛ تائێستا کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەت لە کوردستاندا کە یەکێتی و پارتین لاربوونەتەوە؛ هەر یەکە بەلای خۆیدا لاربووەتەوە و لە یەک نزیک نەبوونەتەوە".