دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزرانەوە

رووداو - شنگال

دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە رۆژهەڵاتی شنگال دۆزرانەوە، بە دۆزینەوەی ئەو گۆڕانەش ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گەیشتە 29 گۆڕ.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە 26-11-2016، دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ کە هەریەکێكیان تەرمی نزیکەی 10 کەسی تێدایە، لە رۆژهەڵاتی شنگال بە دووری 30 کیلۆمەتر لە گوندی ئوم شەبابیک دۆزرانەوە.

وەك قایمقامی شنگال باسیكرد، دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، بە پۆشاکەکانيان دەرکەوتووە سەرجەم ئەو كەسانەی لە گۆڕەكان كۆمەڵكوژكراون کوردی ئێزدین و زۆربەیان پیاون.

قائیمقامی شنگال گوتیشی" بە دۆزینەوەی ئەم دوو گۆڕە، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سنووری قەزای شنگال گەیشتە 29 گۆڕ"  داواشیكرد زیاتر بەدوادچوون و پشکنین بۆ ئەو گۆڕانە بکرێت.

رۆژی 3-8-2014 داعش هێرشیكردە سەر شنگال‌ و دەوروبەری و كارەساتی خوڵقاند، گەنج و پیاوی كۆمەڵكوژكردن و ژن و كچ و منداڵانی بردن، ئەوان كرانە كۆیلە و كڕین و فرۆشتنیان پێكرا. بەهۆی هێرشەكەوە نزیكەی 400 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون ‌و نزیكەی 5 هەزار كچ ‌و ژنیش كەوتنە دەست داعش.

لە مانگی 12 ی ساڵی 2014 دا، بەشێکی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال لەدەستی داعش دەرهێندران، بەڵام سەنتەری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری تاوەكو ساڵێك دواتر  لەدەستی داعشدا بوون. رۆژی 13-11-2015 پێشمەرگە بە پشتیوانی هاوپەیمانان هێرشیكردە سەر شنگال و لە ئۆپەراسیۆنێكی دوو رۆژیدا كۆنترۆڵی كردەوە.

شنگال 140 كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە ‌و لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تاوەكو ئێستا 616 پێشمەرگە لە سنووری شنگالدا شەهیدبوونە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کرد"شنگال وەکو یادگارییەک بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، بۆ ئەوەی بزانن چ بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە و لە تەنیشت شنگال شارێکی نوێ بۆ شنگالییەکان دروست بکرێت".