عەلی باپیر: کۆمەڵی دادگەری ناچێتە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "100٪ دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردن کراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان."
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 26-10-2024) عەلی باپیر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا، پرۆسەیەکی زۆر گرنگ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، وەک رابردوو بە کۆمەڵێک هەنگاوی هەڵە هەرێمی کوردستانیان بێهێز کرد و قەبارەیان بچووککردەوە."
عەلی باپیر دەڵێ "دووبارە هەرێمی کورستان بەهۆی ئەم هەڵبژاردنە، نیشانەی پرسیاری زۆری کەوتەسەر و خەڵک بەرەو بێهیوایی و نائومێدی رۆیشت."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، "ئێمە و چەند لایەنێکی دیکە، 100٪ دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاری زۆر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا کراوە، بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بڕیارماندا بەشداری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەکەین."
سەبارەت بە کورسییەکانیان؛ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، " ئێمە 7 کورسیمان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دابەزی بۆ 3 کورسی، دوای ئەوەی ئێمە راستی ساختەکارییەکانمان بینی، بەلامانەوە گرنگ نییە دوای ئێمە ئەم سێ کورسییە بۆ چ لایەنێک دەبێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە پەرلەمانێک بە شایەنی خۆمان نازانین، کە نیشانەی پرسیاری لەسەر بێت و دەستی ساختەکاریی تێدا بێت."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، داوا لە هەموو لایەنە ناڕازییەکان دەکات هەمان هەڵوێستی ئەوانیان هەبێت و یەک دەنگ بن، "تاوەکو ئەم بارەلارەی هەرێمی کوردستان راستبکەینەوە."
عەلی باپیر گوتی، "بەشدارینەکردنمان لە پەرلەمان، بە مانای ئەوە نایێت واز لە کارە سیاسییەکانمان دەهێنین، بەڵکو ئێمە لە دەرەوەی پەرلەمان بەردەوام دەبین لە کارە سیاسی، کۆمەڵایەتییەکان و، کەرتی خوێندن و کارە خێرخوازییەکانمان."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ـی ئەم مانگە کرا، سێ کورسیی بەدەستهێناوە. لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا 7 کورسی هەبوو.
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە فەیسبووکی رووداوەوە: