رۆژانە '70 تۆن' هەناری هەڵەبجە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان هەنار پێگەیشتووە و هەناری هەڵەبجە نێوبانگی تایبەتی هەیە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 70 تۆن هەناری هەڵەبجە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، کە زۆرترین بەرهەمی نێوخۆ پێدەگات، رۆژانە زیاتر لە 100 بارهەڵگر لەو بەرهەمانە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی وەرزە ساردەکان هەناردە کەم دەبێتەوە.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمی نێوخۆ کەم بووەتەوە. پێش ماوەیەک تەماتە هەناردە دەکرا بۆ پارێزگاکانی عێراق، بەڵام بەهۆی سەرماوە ئەویش نەماوە. ئێستا هەنار هەناردە دەکرێت."
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی، زۆربەی ئەو هەنارەی هەناردە دەکرێت لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەنێردرێت. گوتیشی، "رۆژانە نزیکەی 70 تۆن هەناری هەڵەبجە دەنێردرێتە پارێزگاکانی عێراق، لەنێویاندا بەغدا."
لەبارەی نرخی هەناری هەڵەبجەوە بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی، "هەناری مامناوەند بە کۆ کیلۆی 500 دینارە و نمرە یەکیش 750 بۆ هەزار دینارە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی هەنار لە وەرزی پێگەیشتنیدا ساڵانە دەگاتە 80 هەزار تۆن و زۆرترینیشی هەناری هەڵەبجەیە.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، لە سنوورەکەیان نزیکەی 10 هەزار دۆنم باخی هەنار هەیە کە بە تێکڕا هەر دۆنمێک 3 تۆن هەنار بەرهەمی هەیە و بەوەش لە وەرزی پێگەیشتندا ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەمی دەبێت.
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان باج دەخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی لە وەرزی پێگەیشتندان، لەنێویاندا بۆ یەک کیلۆ هەنار هەزار دینار باج دانراوە.