نزیکەی نۆ ساڵە حەوت پڕۆژەی رێگەوبان لە سنووری سلێمانی تەواونەکراون
رووداو دیجیتاڵ
رێگەی کەلار-دەربەندیخان یەکێکە لەو حەوت پڕۆژە گرنگەی رێگەوبانی سلێمانی کە نۆ ساڵە بەهۆی نەبوونی پارە ناتوانرێت تەواو بکرێت. بەهۆی خراپیی رێگەکەوە چەندین رووداوی هاتووچۆ روویداوە و، بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەرمیان، لەو رێگەیە لە ماوەی 9 ساڵدا زیاتر لە 700 کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
محەممەد حوسێن، شۆفێرێکە و دەڵێت، "پێشتر لێرەوە بۆ سلێمانی یەک کاژێر رێگە بوو، بەڵام ئێستا لە ئاوەخێری بۆ باوەنوور یەک کاژێر پێویستە رێگەکە زۆر خراپە، دەبێت هەموو هەفتەیەک دەبڵی ئۆتۆمبێلەکانمان فڕێ بدەین و تەپوتۆز خۆشمانی بێزار کردووە."
رۆژی 12-10-2022 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر تەواونەکردنی پڕۆژەکانی رێگەوبان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت نەبوونی پارە لە بانکەکاندا هۆکارە بۆ تەواونەبوونیان تەنیا رێگەی دەربەندیخان کەلار گەر مانگانە 4 ملیار دیناری بۆ تەرخان نەکرێت ئەوا لە ساڵی 2028 دەتوانرێت پڕۆژەکە تەواوبکرێت.
کەمال محەممەد، ئەندازیاری کۆمپانیای بێشکان دەڵێت، "گەر بێتو هەفتانە 200 ملیۆنمان بدەنێ 300 هەفتەی دیکە ئەو رێگەیە تەواودەبێت، چونکە کۆمپانیا پارەی نییە و مایەپووچ بووە."
هەر حەوت پڕۆژەکە بە رێژەی جیاواز کاریان تێدا کراوە و بەشێکیان کارەکانیان راگیراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 60 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی رێگەی کەلار-دەربەندیخان دانراوە.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 47 ملیار دینار بۆ هەر حەوت پڕۆژەکە تەرخانکراوە و بڕیارە خەرجبکرێت، "بەڵام گرنگ ئەوەیە لە بانکەکان هەبن و بتوانرێت سویلە خەرجبکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکان کاربکەنەوە."
ئەو حەوت رێگەیە کە شار و شارۆچکەکان دەبەستن بە سلێمانییەوە و کێشە لە تەواوکردنیان هەیە ئەمانەن: دەربەندیخان – کەلار، دەربەندیخان- وارماوە، باشماخ- پێنجوێن، دووکان- چوارقوڕنە، کفری-کەلار، سەیدسادق-هەڵەبجە.
تەنیا لە یەک مانگدا بەپێی ئامارەکانی هاتووچۆ لە رووداوەکانی هاتووچۆ لەو رێگەیە 9 گیانیان لەدەستداوە و 13 کەس بریندار بوون.