دایک و کوڕێکی ئێزدی لە سووریا رزگارکران و گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دوای 10 ساڵ لە رفاندنیان، ژنێکی ئێزدی و کوڕە 10 ساڵانەکەی رزگار کران و گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
دایکەکە تەمەنی 25 ساڵە و کوڕەکەشی 10 ساڵ. 3ـی ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سووریا رزگار کراون و دوێنێ رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەردووکیان دۆخی دەروونییان ناجێگیرە. گەڕێندراونەتەوە نێو کەسوکاریان لە ناحیەی خانکێ لە پارێزگای دهۆک".
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێ، دوای ماوەیەک پشوودان، دایک و کوڕەکە دەنێرنە سەنتەرێکی تایبەتی دەروونی لە شاری دهۆک.
ئەو ژنە ئێزدییە خەڵکی گوندی تەل قەسەبە لە سنووری قەزای شنگال.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2,800 کوردی ئێزدی، کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون، بێسەروشوێنن.
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران.
حوسێن قائیدی، دەڵێ: "بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆسەر شنگال و دەوروبەری، نزیکەی 5,000 ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ هەروەها 6,417 کەسیش رفێندران."
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لەو کوردە ئێزدییانەی رفێندران، تاوەکو ئەمڕۆ 3,577 کەسیان رزگارکراون و 2,840 کەسیان بێسەروشوێنن.