رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری وانەبێژان دەڵێ، ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری نووسراوی رەزامەندی بۆ بە گرێبەستکردنیان واژۆ کردووە و رەوانەی وەزارەتی پەروەردە کراوە.
عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو رێکارەکانی گرێبەست بوونی مامۆستایان دەسپێدەکات بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نۆ وەک گرێبەست وەربگرن".
بە گوتەی عەلی رەئووف، بۆ گرێبەستکردنی وانەبێژان، فەرمانی وەزاری وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ نێردراوە بۆ وەزارەتی پەروەردە و لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە شارە جیاکان.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک رایگەیاند، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دامەزراندنی وانەبێژان، بڕیار دراوە بە گرێبەستکردنی 37 هەزار و 933 وانەبێژ "لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە 01-09-2024".
تاوەکو ئەمڕۆ وانەبێژان تەنیا شایستەی دارایی مانگی پێنجیان وەرگرتووە، بەگوێرەی ئەو نوێنەرەیان، وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت هەر وەکو وانەبێژ دەبێت.
25ـی ئاب، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
ئێستا کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت، بەڵام دوای گرێبەستکردنیان تەواوی مووچە و شایستەکانیان زیاتر دەبێت.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار و 933 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست دابنرێن، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ