سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی یەکێتی گوتارێک پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سبەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەبەسترێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆنگرەکە دەکات و گوتارێک پێشکێش دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەی چوارشەممە 27-9-2023 بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی سلێمانی دەکات.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا گوتارێک پێشکێش دەکات.
بڕیارە سبەی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بە بەشداریی 600 ئەندام لە شاری سلێمانی ببەستێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1-06-1975 دامەزراوە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
- لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا.
- لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
- لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست.
- لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست.
- لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد.
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 48 ساڵی تەمەنیدا، پێنج پلنیۆمی بەستووە.
- ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش یەکەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 1995 لە هەولێر دووەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2007 لە قەڵاچوالان سێیەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2009 لە سلێمانی، چوارەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2013 لە سلێمانی، پێنجەمین پلنیۆمی بەست
- جگە لە کۆنگرە و پیلینۆمەکان یەکێتی لە تەمەنیدا دوو کۆنفرانسیشی سازکردووە:
- یەکەم لە 31-8 تاوەکو 12-9-1977 لە برادۆست.
- دووەم 2-18ـی ئاداری 1980 لە ناوزەنگ