دروستکردنی خانوو لەو گەڕەکانەی سلێمانی سنوورەکەیان فراوانکراوە دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی داهاتوودا رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لە 29 گوندی سنوورەکەیان دەستپێدەکەن.
لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ئاماژە بە نووسراوی پارێزگای سلێمانی، بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نووسراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، "بەم نزیکانە" رێکارەکانی کردنەوەی رێگەپێدانی خانووکردن لە حەرەمی گوندەکانی نێو سنووری شارەوانیی سلێمانی دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، ئێستا ئامادەكاری بۆ دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی خانوو و زیاترکردنی نهۆم دەکەن.
ئەو شوێنانەی سلێمانی وەک گوند ناوی هێناون ئەمانەن: قڕگە، قەرەتۆغان، کەڵەکن، کانی گۆمە، عەوال، کۆستەی چەم، خەلیفاوا، ئاوبارە، خێوەتە، ئاشەسپی، مەلا داود، کانی بەردینە، بابان، کەنەسوورە، قولەرەیسی، هوانە، شێخ وەیساوا، ئالیاوای خواروو، بەردەکەڕ، فەرەج ئاوا، ژاڵەی خواروو، ژاڵەی سەروو، ژاڵەی جەزا جاف، رازیانەی کۆن، رازیانەی نوێ، رازیانەی کانی شینکە، دانەڕووڵە و سەماوات.
بەشێکی ئەوانەی شارەوانیی سلێمانی بە گوندی نێو سنووری شارەوانییەکە تۆماری کردوون، ئیستا گەڕەکن و سەتان خانوویان لێ دروستکراوە و رێگەپێدانیان هەیە، بەشێکیشیان تاپۆیان هەیە.
بەرپرسێکی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئەوانەی ئێستا وەکو گەڕەک خانوویان لێ دراوستکراوە سنوورەکەیان فراوانکراوە، رێگەپێدانەکە بۆ سنوورە نوێیەکانیانە".