وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی: یەک هەفتە کاتتان هەیە وردبینی لە ناوی وانەبێژاندا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کراوە، وەزیری پەروەردە داوا دەکات لە هەفتەیەکدا وردبینی لە لیستی وانەبێژاندا بکرێت.
نووسراوەکەی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێککەوتی ئەمڕۆ 26ـی ئابی لەسەرە و تێیدا هاتووە، داواکارییەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەیزرانی هەرێمی کوردستانە.
دوێنێ نوێنەرانی وانەبێژان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری پەروەردە رایگەیاند، تەواوی وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان کە دوێنێ لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە لە زووترین کاتدا رێکارەکان تەواو بکرێن".
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دامەزراندنەکە لەسەر داهاتی ناوخۆ دەبێت. وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاندووە، "وردبینی ناوەکان بکەنەوە و هیچ کەموکوڕییەک نەبێت و تەنیا حەوت رۆژ ماوەتان هەیە".
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، 5ـی مانگی 9 دوایین رۆژە بۆ گەڕاندنەوەی لیستی ناوی وانەبێژان بۆ دیوانی وەزارەت.
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ئەو مامۆستایانە گرێبەستیان بۆ دەکرێت لە کەرتی گشتیی دەوام دەکەن".
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی وانەبێژان نزیکەی 38 هەزار کەسە.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
ئەگەر وانەبێژان بکرێنە گرێبەست شایستە داراییەکانیان زیاتر دەبێت و مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 18 ملیار دیناریان دەبێت.