دەریاچەی ورمێ مەترسیی وشکبوونی لەسەرە


رووداو - هەولێر

بەشێک لە گەشتیاران لە جێگەی مەلەکردن لەنێو ئاو، بەسەر خوێدا پیاسە دەکەن. ئەو گەشتیارانەی پێشتر دەریاچەی ورمێیان بینیوە، بە حەسرەتەوە باسی رۆژانی پڕئاوبوونەوەی دەکەن. ئەوان دەڵێن، بەهۆی کەمتەرخەمی و پلانە هەڵەکانی حکومەتەوە، دوور لە چاوەڕوانی نەبوو کە دەریاچەی ورمێ وای بەسەر بێت.
 
رەزا سەواران، گەشتیارێکی خەڵکی تەورێزە و دەڵێت: "بەداخەوە چاو لێبکەن، 70٪ـی وشکبووە و 30٪ـی ماوە. داوا لە بەرپرسان دەکەم، بیر لە لێدانی ئەو پردە بکەنەوە. دەریا وەکو بوونەوەرێکی زیندوو بوو، ئەو پردەیان لەسەر جەستەی لێدا و وشکیان کرد. ئەوانەی خۆیان پێ بەرپرس و کارناس و شارەزایە، هاتن ئەو هەموو پایەیان لە نێوەڕاستی دەریا لێدا و لەنێویان برد، بەوە وشک بوو."
 
لەم دۆخەشدا بەشێک لە گەشتیاران هەر سەردانی دەریاچەکە دەکەن. هەندێکیان بۆ بینینی قووڵایی کارەساتەکە و هەندێکیش بۆ مەلەکردن رووی تێدەکەن. ئەوانەی بۆ مەلە دەچن، دەبێ زۆر بڕۆن تاوەکو ئاستی ئاو لە ئەژنۆیان تێپەڕێت و بتوانن لە ئاوەکەدا مەلە بکەن. رووبەری دەریاچەی ورمێ پێشتر چوار هەزار و 800 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، ئێستا کەمتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر ئاوی تێدا ماوە و بەراورد بە پار، ئاستی ئاوەکەی 48 سانتیمەتر دابەزیوە.
 
فەرهاد شاوێردی، دانیشتووی ورمێ دەڵێت: "یەکەم ئەو خێزەڵانەی دروستبووە، هەمووی خوێیە، زریانی خوێ هەڵدەکات و بە دەیان کیلۆمەتر لە دەورووبەری دەریاچە دەگرێتەوە و کاریگەری لەسەر باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان و شینایی ناوچەکە دادەنێت. ئەو بوونەوەرانەش نەمان کە لە دەریاچەکەدا دەژیان، وەکو ئارتیمیا کە بە داخەوە بەهۆی زیاتربوونی خوێی نێو ئاوەکە لەنێوچوون. ئەو باڵندە کۆچەرییانەش کە دەهاتنە لای دەریاچە، ئێستا نایەن."
 
حکومەتی ئێران ساڵی 2013 ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێکهێنا و بڕیاربوو تاوەکو ساڵی 2025 ئاستی ئاوەکەی بگەیێنێتە دۆخی ئاسایی و بە یەکجاری مەترسی وشکبوونی لەسەر بڕەوێنێتەوە، بەڵام بەشی هاوئاهەنگی و هەڵسەنگاندن لە ناوەندی ژیاندنەوە پێشبینی کردووە، تاوەکو کۆتایی یەکەم مانگی پاییز، بەری باشووری دەریاچەی ورمێ بە تەواوی وشک بێت.