تۆڕی میدیایی رووداو و کۆنسووڵخانەی فەرەنسا بەبۆنەی ئۆڵۆمپیادەوە چالاکییەکیان رێکخست
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو و کۆنسووڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر چالاکییەکیان لە هەولێر رێکخست. چالاکییەکە هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی پاریس.
دەیان بەشداربووی چالاکییەکە، لە نێویاندا یاریزانانی دیاری هەرێمی کوردستان لە شاشەی گەورەوە تەماشای دیمەنە راستەوخۆیەکانی پاریسیان کرد.
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە رێکخستنی چالاکییەکە دەربڕی و گوتی، "لێرە هەست بە شانازی دەکەم، چونکە دەزانم لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادا هەولێر پشتیوانی لە پاریس دەکات"؛ هەروەها رایگەیاند، "زۆر سوپاسی رووداو دەکەم کە لەگەڵ ئێمە ئەم بەرنامە زۆر جوانەیان رێکخستووە."
یان برایم ئاماژەی بەوەشکرد کە "زیاتر لە 85 سەرکردەی وڵاتان لە پاریس کۆبوونەتەوە، لە نێویاندا [لەتیف رەشید] سەرۆککۆماری عێراق، هەروەها [نێچیرڤان بارزانی] سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق."
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە چالاکییەکەدا گوتەیەکی پێشکێش کرد و گوتی، "ئەوەی لە ئۆڵۆمپیاددا دەبینرێت، لێکنزیکردنەوەی گەلانە لە رێگەی وەرزشەوە. ئەمڕۆ کە جیهان بەهۆی چەند شەڕێکەوە دابەش بووە، لە پاریس یەکیگرتووەتەوە. لەوێ رووسەکان هەن، ئۆکراینییەکانیش هەن؛ لەوێ فەلەستینیش و بێگومان ئیسرائیلیش هەن."
ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە و لە پەیامەکانی سەرۆکی فەرەنساشدا بینراوە ئەوەیە کە بەهۆی ئۆڵۆمپیادەوە "گفتوگۆی سیاسی و دروستکردنی حکومەت رادەوەستێت بۆ ئەوەی وەرزش دەستپێبکات. وەرزش دەستیپێکرد، خۆشەویشتی لەنێوان خەڵکدا دەستپێدەکات."
لە وەڵامی پرسیارێکی رێبوار محەممەد، پێشکێشکاری وەرزشیی رووداودا، کۆنسووڵی فەرەنسا باسی لەوە کرد کە ئەم ئۆڵۆمپیادە "بەشێکە لە دیپلۆماسی"ی وڵاتەکەی بۆ نیشاندانی تواناکانیان بە جیهان.
پێشکێشکاری رووداو لە یان برێم، کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر دەپرسێت: لە ئۆڵۆمپیادی پاریس بەشداربوویتایە، پێتوایە لە کام وەرزش دەتتوانی رکابەریی بەدەستهێنانی میدالیایەک بکەیت؟
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 26, 2024
گوێ لە وەڵامەکەی بگرن؛ باسی گرنگیی بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادەکە لە وڵاتەکەی دەکات pic.twitter.com/zecLtVtwc7
ئەمە سێیەم جارە لە مێژوودا پاریس، ناوەندی کولتووریی جیهان، میوانداریی ئۆڵۆمپیاد بکات، دوای ئەوەی لە ساڵانی 1900 و 1924 کردی.
بە گوتەی یان برایم، "لەم ئۆڵۆمپیادەدا ژمارەیەکی یەکسانی یاریزانانی ژن و پیاو رکابەرایەتی دەکەن"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گازە گەرمکەرانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی ئۆڵۆمپیاددا دەردەرێن، ئەمجارە بۆ نیوە کەم دەکرێنەوە؛ گوتیشی، "ئەمە پەیامێکی سیساسییە کە دەمانەوێت بە جیهانی بدەین."
یان برایم گوتی، "وەک هاووڵاتی و دیپلۆماتێکی فەرەنسا هەست بە شانازی دەکەم، چونکە بێگومان ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە بۆ پێشاندانی جوانیی شار و هەرێمەکەمان؛ هەروەها بۆ ئەوەی ئاستی خۆمان لە وەرزشدا پێشانبدەین، چونکە چەندین ساڵە وەبەرهێنانی زۆرمان لەو کەرتەدا کردووە."
دیپلۆماتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەر ئەوەی سەرنجی هەموو میدیا لەسەر فەرەنسایە، دەرفەتێکی گەورەمان لەپێشە بۆ پێشاندانی ژمارەیەک پەیام،" لەوانەش "شوێنە گەشتیارییەکانی پاریس".
کۆڤان حەسەن، خاوەن میدالیای زێڕی پارائۆڵۆمپیادی ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل لە چالاکییەکەدا بەشداربوو و گوتی، "تاکە یاریزانی کوردم توانیبێتم مەدالیای زێڕ لە پارائۆڵۆمپیادی 2016 لە بەرازیل لە یاریی هەڵدانی رم بەدەستبهێنم. بەهۆی ئەوەی لە لادێ دەژیام، بۆ من قورس بووم راهێنان بکەم، بەڵام سوپاس بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر راهێنەریان بۆ دانام و بۆ ماوەی 9 مانگ راهێنانم کرد."
هەروەها هانا هاوار، یاریزانی شەترەنج لە چالاکییەکەدا گوتی، "یاریی شەترەنج لە هەموو یارییەکانی دیکە جیاوازە، وەک وەرزشێک وایە بۆ مێشک. ئەو یاریزانانەی یاریی شەترەنج دەکەن، هەمیشە هزریان باشترە لەوانی دیکە و زیرەکترن."
گەنجێکی بەشدار لە چالاکییەکەش وەک ئەندامی دەستەی هاندەرانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان خۆی ناساند و چەپکێ گوڵی پێشکێشی کۆنسووڵی فەرەنسا کرد و گوتی، وەک هاندەرانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان گرووپی تایبەت بە خۆیان هەیە.
کچێکیش خۆشحاڵ بوو بە رێکخستنی ئەو چالاکییە و گوتی، "ئاهەنگ و رێوەڕەسمەکانی ئەمشەو زۆر سەرنجڕاکێشن."
بەرپرسانی پاریس چاوەڕێ دەکەن 15.9 ملیۆن گەشتیار لە ماوەی ئۆڵۆمپیاددا سەردانی شارەکە بکەن کە یەکێکە لە پڕگەشتیارترینەکانی جیهان.