شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداری لە کۆبوونەوەی "رێگەی گەشەپێدان" دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هێڵی ئاسنینی ناسراو "بە رێگەی گەشەپێدان" لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری گواستنەوە و ئەندامیەتیی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
وەزیری گواستنەوە گوتیشی، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی وەزیری گواستنەوەی عێراق، راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پارێزگاری ئەو شارانەی کە هێڵەکەیان پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڕێوەدەچێت.
ئانۆ جەوهەر باسی لەوەش کرد، بەپێی نەخشەی ئێستا، بەشێکی کەمی ئەو هێڵە بەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕەبێت، " بەڵام ئێمە گفتوگۆ دەکەین و پێداگری دەکەین بۆ ئەوەی رێگەی گەشەپێدان بەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆکدا تێپەڕبێت و ئێمەش لای خۆمان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە، هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر لەگەڵ دهۆک بەستینەوە."