پەرلەمانتارێکی ئێران: دەریاچەی ورمێ بووەتە قوربانیی باڵباڵێن و ململانێی سیاسی
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری پارێزگای تەورێز لە ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای وشکەساڵی و خراپ ئیدارەدان، دەریاچەی ورمێ بووەتە قوربانیی باڵباڵێن و ململانێی سیاسی.
مەسعود پزیشکیان، ئەندامی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "کێشەکانی دەریاچەی ورمێ لە ئیدارەدانی خراپ و هەڵەی بواری ئاوی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت و لە لایەکی دیکەش بەهۆی ململانێی سیاسییەوە بۆ پرسی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سوود لە کەسانی بەتوانا و شارەزا وەرناگیرێت."
ئەو پەرلەمانتارە باس لە کاریگەرییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەکات و پێیوایە وشکبوونی دەریاچەکە، جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر شارەکانی دەوروبەری دەریاچەکە هەیە و ژیانی 14 ملیۆن کەس – لە تەورێزەوە تاوەکو نزیک تاران – دەکەونە ژێر کاریگەرییەکەی.
ئەمیرعەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، لە دوو دەیەی رابردوودا ساڵانە 40 سانتیمەتر لە ئاوی دەریاچەی ورمێ کەمی کردووە و ئێستا 95%ی دەریاچەکە وشکبووە.
مەسعود باقرزادەی کەریمی، سەرۆکی کەرتی ئاوڕێژیی دەریاچەی ورمێ لە وەزارەتی وزەی ئێران رۆژی دووشەممە بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، "دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین، کە ناکرێت هەموو دەریاچەی ورمێ بژیێندرێتەوە."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ، وشکەساڵی، بە هەڵمبوون، پەرەپێدانی لە رادەبەدەری کشتوکاڵ و بەکارهێنانی نادروستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ کشتوکاڵ بە هۆکاری سەرەکی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دادەنێن.
شارەزایان هەڵکەندنی دەیان هەزار بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە دەریاچەی ورمێ بە هۆکاری دیکەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەزانن.