ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان لەمەترسیدایە
رووداو دیجیتاڵ
ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە کەمبوونەوە و دابەزیندایە و ئەم بابەتەش مژاری سەرەکی ئەمجارەی بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
لە شاری هەولێر، بەهۆی گرفتی کەمئاوی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوییەوە پەنا بۆ ئاوی کۆکراوەی ملیۆنان ساڵی ژێرزەوی براوە.
لە 20 ساڵی رابردوودا لەڕێگەی 80 بیری ئاوەوە لە هەولێر چاودێری ئاستی ئاوی ژێر زەوی کراوە و دەرکەوتووە لەو کاتەوە ئاستی ئاوەکە بەردەوام لە دابەزیندایە.
سنووری ئاوی ژێرزەوی دەشتی هەولێر رووبەرەکەی 3200 کیلۆمەتر دووجایە، لە باکووریەوە بە بەستی بەستۆرە، لە باکووری رۆژئاوا بە زێی گەورە و لە باشووری رۆژهەڵات بە زێی بچووک دەورە دراوە، ئێستا بەناچاری پەنای بۆ بردراوە.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە پارێزگای هەولێر لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج کە شەوی یەکشەممە 25-07-2021 پێشكێشکرا گوتی "ئەم رووبەرە یەک تەبەقە ئاوە لەژێر زەوی، بەڵام ئەو ئاوەی لەم حەوزە دەردەهێنرێت بریتییە لە ئاوی گردبووەوەی جێگیر، کە بە ملیۆنان ساڵ ئەم ئاوە لە ئەنجامی تووانەوەی بەفروبارانەوە چووەتە ژێر چینەکانی زەویەوە."
محەممەد جەبار، ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆ لە رێكخراوی یونسێف باسی لەوەکرد، بەپێی داتاکانی بەردەستیان تێکڕای سەرچاوەی ئاوی سازگار لە عێراق
2000 مەتر سێجا لەساڵێکدایە، ئەگەر ئەو بڕە بێتە خوار هەزار مەتر سێجا، ئەوکاتە وڵاتەکە بە کەمئاو ناودەبرێت.
باسیشی لەوەکرد ئەگەر تورکیا و ئێران سەرچاوە ئاوییەکان بگرنەوە کە دێنە نێو هەرێمی کوردستان و عێراق، "ئێمە دەبینە وڵاتێکی بێئاو."
دەشڵێت "ئێستا عێراق 2000 مەتر سێجایە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نیوەی زیاتری سەرچاوە ئاوییەکانی لەدەرەوەی سنووری عێراقە، واتە؛ لەژێر کۆنتڕۆڵی عێراق نییە. ئەوەی پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2050 هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا ئەو ژمارەیە بگاتە خوار 500 مەتر سێجا، واتە؛ وڵاتێکی بێئاوی تەواو هەژار."
هەفتەى رابردوو، حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ خستنەوە گەڕى کارکردن لە 12 بەنداو بڕى 13 ملیار و 40 ملیۆن دینارى تەرخانکرد، کە هەموویان پێکەوە 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە. بەڕێوەبەری بەنداوەکانیش دەڵێت، دەکرێت لە عێراق بەهۆی کەمئاوییەوە لەداهاتوو کۆچکردن رووبدات.
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی كۆكردنەوەی ئاوی هەرێمی كوردستان گوتی "کۆچی ناوخۆیی وەکو ئەوەی لە ئەمارەتی ئەکەدی روویدا، ئێستاش ئەگەری روودانی هەیە. کەمئاوی دروست دەبێت، کە ئێستا یەدەگێکی ئاوی پارساڵیان هەیە دڵنیابە کۆچ روو دەدات و ئەو عەرەبەی لێرەشن ناگەڕێتەوە."
بە گوتەی محەممەد جەبار، ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆ لە رێكخراوی یونسێف، ئاوی کوردستان بەگشتی پیسبوونی ژەهراوی نییە، جگە لەهەندێک شوێن نەبێت، وەکو قەزای خەبات و کەورگۆسک کە ساڵێک زیاترە ئاوی ژێرەزەوییەکەی پیسبووە و گوتیشی: تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی بەتەواوی دیاری نەکراوە.