رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20-10-2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 26-06-2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و رەچاوکردنی ئەو رێکارانەی بۆ کۆمیسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بگونجێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە.
دەقی فەرمانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە خوێندرایەوە:
"فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە مادەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەمووار کراو، بڕیارماندا بە: یەکەم؛ دیاریکردنی رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق. دووەم؛ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ جێەبجێکردنی ئەم فەرمانە. سێیەم؛ ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی بڵاو دەکرێتەوە."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: ئەو کاتەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە زۆر گونجاوە
هاوکات عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە رووداوی گوت، "کاتەکە زۆر گونجاوە و پێشوازیی لێدەکەین."
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، راگۆڕینەوە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبووە و لە ئەمڕۆوە "دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت."
دڵشاد شەهاب: هەموو لایەنەکان لەسەر ئەو رۆژە کۆک نەبوون کە دیاریکراوە
دڵشاد شەهاب گوتی، لەگەڵ تەواوی لایەنەکان گفتوگۆیان کردووە و بۆ دیاریکردنی رۆژەکە، بەڵام هەموویان لەسەری کۆک نەبوون و بیروبۆچووونی جیاواز هەبووە. گوتیشی، "لە دەرئەنجامی هەموو بۆچوونە وەرگیراوەکان و قسەکردن لەگەڵ لایەنی بنەڕەتی، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی کەشوهەوای کوردستان و هەموو هەڵسەنگاندنەکانی دیکە، ئەم بڕیارە دراوە، کە هەڵسەنگاندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەرمانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کاتانەی پێشنیاز کراون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەگەڵ ئەو رۆژەی دیاریکراوە "جیاوازیی ئەوتۆی نییە و هیچ جیاوازییەکیش بۆ هیچ لایەنێک دروست ناکات."
بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشتریش مەروسوم دەرکراوە و هەڵبژاردنەکە بەڕێوەنەچووە. دڵشاد شەهاب دەڵێت، ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە کاتی پێویستدا مەروسوم دەربکات و لایەنی دیکە هەن لە جێبەجێکردنەکەی بەرپرسیارن؛ دواکەوتنەکان پەیوەندیی بە لایەنەکانەوە هەبووە و "هیچ" پەیوەندیی بە هەڵوێستی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە جیاوازیی ئەم مەرسومە و ئەوانەی پێشتر کرد و گوتی، "ئێستا ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن یەکلا بووەتەوە، ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی بازنەکان و تاڕادەیەک لەسەر کورسیی پێکهاتەکانیش یەکلا بووەتەوە، کە هۆکاری سەرەکی بوون و بەهۆیانەوە هەڵبژاردن تەگەرەی تێکەوت."
دڵشاد شەهاب باسی لەوەش کرد، تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن هاوئاهەنگییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەگشتی و بەتایبەت کۆمسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داواشی کرد، هەموو لایەنەکان پشتیوانیی ئەو رێککەوتە بکەن کە دیاریکراوە. ئەوەشی گوت، "هیچ هۆکارێکی جیدی نییە ببێتە کێشە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ